کازمییە، ناوچە بەناوبانگ و تاڕادەیەک دەوڵەمەندنشینەکەی بەغدا چاوەڕێیە کەسێک لە دانیشتووانەکەی بگاتە سەر کورسیی دەسەڵات و ببێتە شەشەم سەرۆکوەزیرانی شیعەی عێراق.
53 ساڵ لەمەوبەر مستەفا کازمی کە ئێستا راسپێردراوە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە گەڕەکی نوابە لە ناوچەی کازمیە لەدایکبووە، بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، کازمی ھەر لە منداڵییەوە حەز و خولیای دەسەڵاتی ھەبووە، ھەمیشە پێشەنگی منداڵانی ناوچەکە بووە.
کازمی ناوی تەواوی مستەفا عەبدولـلەتیف مشەتت غەریباوییە، لە بنەڕەتدا خەڵکی شەتڕەی پارێزگای زیقارە، باوکی رووپێوکار و چاودێری هونەری بووە، ساڵی 1963 بۆ پەرەپێدانی کارەکەی بە یەکجاری هاتووەتە بەغدا.
ئەحمەد مەشات، فەرمانبەری خانەنشین 78 ساڵی تەمەنی تێپەڕاندووە و ئەوەندەی بیری بڕدەکات لەسەر کازمی دێتەگۆ و دەڵێ "زۆربەی ئەوانەی لە کازمیە نیشتەجێ دەبن، جۆرێک لە پابەندبوونی ئایینی مەزھەبییان ھەیە، ئەمەش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، کازمیش لەو جۆرە گەنجانە بوو کە زۆر گەرموگوڕیی پێوە دیاربووە، بۆ نمونە بۆچی ناچن بۆ شارێکی دیکە، چونکە ئینتیمای مەزھەبی ئەوان دێنێت بۆ ئێرە، كازمى لە بەغدا خوێندنی دواناوەندیی تەواوکردووە، دواتر ئاوارەی دەرەوە بوو، دوای رووخانی رژێم گەڕایەوە".
کازمی لەجیاتی چوونە زانکۆ، لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، خۆی دەگەیێنێتە ئەوروپا و دواتر لە بەریتانیا دەگیرسێتەوە.
لە دەرەوە، وەکو رۆژنامەڤان و ئۆپۆزیسیۆنێکی سەددام، هاوکاریی لایەنە شیعەکانی کردووە، نووسەرە و "پرسی عێراق" و "ئاشتی لەنێوان رابردوو و داهاتوو" دوو لە گرنگترین کتێبەکانیەتی.
دوای رووخانی بەعس، کازمی دەگەڕێتەوە عێراق، لە تەمەنی 45 ساڵی و لە زانکۆیەکی ئەهلی، بەشی یاسا تەواودەکات و تاوەکو ساڵی 2016 کە دەبێتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، لە کاری رۆژنامەڤانی بەردەوام دەبێت؛ ھاوڕێکانی بە کەسێکی ھێمن و لەسەرخۆ وەسفی دەکەن.
نیبراس مەعموری، سەرۆکی کۆڕبەندی ژنانی راگەیاندنکار لەبارەی کازمیەوە دەڵێ "پیاوێکی زۆر لەسەرخۆیە، کەم قسە دەکات، ھەمیشە دەم بەخەندەیە، کاتێک گفتوگۆ دەکات گوێ لە بەرامبەر دەگرێت، ئینجا گفتوگۆ دەکات، ئەمە کارێکی زۆر باشە، کەم کەسایەتی ئەم سیفاتەیان تێدایە، پشت بە پەیوەندییە سەرکەوتووەکانی دەبەستم، لەڕووی دیپلۆماسی و پەیوەندییەوە بە ھەر دە پەنجە بۆی مۆر دەکەم، زۆر سەرکەوتووە".
کازمی خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، هەرچەندە بە کەسێکی بێلایەن ناودەبرێت، بەڵام زاوای مەهدی عەلاقی سەرکردەی حیزبی دەعوە و ئەمینداری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، دوو لە براکانی پلەی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانیان هەبووە و خۆیشی لە سەردەمی عەبادییەوە تائێستا سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ