گوتەبێژی سوودانی بۆ رووداو: چەندین بنکەی نوێ لە سنووری تورکیا دروست دەکەین

06-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، هاوئاهەنگی و هاوکاریی بەردەوامیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە  هەیە، بۆ پاراستنی قووڵایی سنوورەکانی وڵات لەگەڵ تورکیا و بە نوێترین تەکنەلۆژیای تەکنیکی و لۆجیستی، سنوورەکەیان تووندوتۆڵ کردووە.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025) گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر بنەمای رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هێزە ئەمنییەکانمان تەواوی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان لەگەڵ وڵاتاندا تەرخان دەکەن، لەنێویاندا؛ سنوورەکانمان لەگەڵ تورکیا، کە درێژییەکەی 384 کیلۆمەترە و دەکەوێتە پارێزگای هەولێر و دهۆک، ئەوەش سەرەڕای سەختیی ناوچەکە."
 
سەباح نوعمان گوتی، "سنوورەکانمان لەگەڵ تورکیا، بە بنکەی سنووری و نوێترین تەکنەلۆژیای تەکنیکی و لۆجیستی تووندوتۆڵ کراون، چەندین بنکەی نوێی سنووریی دروست دەکەین، کە لەگەڵ سرووشت و گرنگیی ئەو ناوچەیە بگونجێت."
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، هاوئاهەنگی و هاوکاری بەردەوامیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا هەیە، "بۆ پاراستنی قووڵایی سنوورەکانی وڵات لەگەڵ تورکیا."
 
بە گوتەی سەباح نوعمان، "عێراق، ئێستا گرنگی بە پاراستنی خاک، بنیاتنانی ژێرخانی ئەمنی، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێ و چاودێری دەدات."
 
عێراق و هەرێمی کوردستان؛ لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەزار و 420 کیلۆمەتر، لەگەڵ تورکیا و باکووری کوردستان 384 کیلۆمەتر و لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش 618 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە.
 
رۆژی 24ـی شوباتی ئەم ساڵ، بە بانگهێشتێکی فەرمی لەلایەن تورکیاوە، لیوا محەممەد عەبدولوەهاب سەعیدی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، بەیاوەریی ژمارەیەک فەرماندەی هێزەکە، سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ لیوا سلجوق بیرەقدارئۆغڵو، فەرماندەی هێزی زەوینیی تورکیا و ژمارەیەک فەرماندە ئەمنییەکانی تورکیا کۆبووەوە.
 
هەمان رۆژ، عەمید حەیدەر کەرخی، گوتەبێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە رووداوی گوت، "کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی گرنگ کراوە، بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوئاهەنگیی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا." 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە