رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس چاوەڕوانی تەرخانکردنی بودجەن بۆ ئەوەی ناوەکانیان لە چاودێریی کۆمەڵایەتیدا تۆمار بکرێت. دەشڵێت، مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی زیاتر لە 300 هەزار کەس راگیراوە.
نەجم عوقابی، گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 962 هەزار خێزان لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە داواکارییان پێشکێش کردووە و هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ تۆمارکردنیان تەواو کراوە.
عوقابی ئاشکرای کرد، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس چاوەڕوانی تەرخانکردنی بودجەن بۆ ئەوەی ناوەکانیان لە چاودێریی کۆمەڵایەتیدا تۆمار بکرێت.
بە گوتەی نەجم عوقابی، هاوکاری زیاتر لە 300 هەزار کەس بەهۆی سەرپێچی و وەرگرتنی بەشێوەیەکی نایاسایی راگیراوە. گوتیشی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 9 ملیار دیناریان لە رێگەی ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و زیاتر لە 149 ملیار دیناری دیکەشیان بە کاش لەو کەسانە وەرگرتووەتەوە، کە بە نایاسایی مووچەیان وەرگرتووە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە جەختی لەوەکردەوە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەوڵدەدات چاودێری کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف دابەش بکات و رێگری بکات لە وەرگرتنی نایاسایی مووچە لەلایەن ئەوانەی شایستە نین.
لە عێراق 7 ملیۆن و 600 هەزار کەس مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، مانگانە نزیکەی 470 ملیار دینار بۆ مووچەی چاودێریی و پاراستنی کۆمەڵایەتی خەرج دەکرێت.
لە بودجەی 2024ـی عێراق دا، نزیکەی شەش تریلیۆن و 200 هەزار دینار بۆ مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخانکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ