فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا: بەربەستی پێش باڵیۆزخانەکان هەڵدەگیرێن
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەڵێت، سەرجەم بەربەستە کۆنکریتییەکانی بەردەم باڵیۆزخانەی وڵاتان لە بەغدا هەڵدەگیرێن. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداش دەڵێت، "بەغدا پێویستی بە کۆتاییهێنان بە سەردەمێکی ناسەقامگیری و دەستپێکردنی سەردەمی نوێیە کە تێیدا وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەکان لە پلەی یەکەمدا بێت."
فەریق روکن وەلید تەمیمی، فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی بەغدا لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، "بەشی زۆری بەربەستە کۆنکرێتییەکانی پێش باڵیۆزخانەی وڵاتان لە بەغدا بەڕێژەی 70٪ هەڵگیران، هێشتا لە هەڵگرتنەوەی ئەوانی دیکە بەردەوامین، بەڵام بەهۆی رێکخستن و هاوئاهەنگیی زیاتر کارەکان دواخراون."
ئەوەشی گوتووە باڵیۆزخانەکان پەیوەستن بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و بۆ ئەو مەبەستە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە کراوە "لە ماوەی داهاتوو ئەو بەربەستە کۆنکریتییانەی ماون هەڵدەگیرێن، بەشێوەیەکی ئەوتۆ کە کاریگەریی لەسەر رێگەکان و شۆستەکان نەبێت."
فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی بەغدا دەشڵێت، "لەسەر رێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کامێرای چاودێریی زیاتر لە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا دادەنرێت."
موهەنەد سوودانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی ئەمنیی بەغدا بەراورد بە ساڵانی رابردوو تەواو جیاوازە، ئێستا دۆخێکی باشتر هەیە و پێویستە چاو لەسەر خزمەتگوزاری و سەقامگیری و پاراستنی ئاسایش و وەبەرهێنان بێت."
لەدوای ساڵی 2004ـەوە و بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانی و دواتر کردەکانی رفاندنی بیانییەکان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان و دامەزراوەکانیان، بەربەستی کۆنکرێتی لەبەشێکی زۆری ئەو دامەزراوانە دانران، لەدوای ساڵی 2018ـەوە دەست بە هەڵگرتنی سنوورداری بەشێکیان کرا، بەشێکی ناوچەی سەوز بەڕووی هاتووچۆی دانیشتووانی شارەکەدا کرایەوە.