رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە.
نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکەن.
بڕیاریشە لەدوای ئەم کۆبونەوەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبێتەوە.
هەر ئەمشەو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا کۆدەبێتەوە.
د. عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی هاوپەیمانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرسی رێککەوتنە سیاسییەکان، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق، بودجەی ساڵی 2024، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و چەند پرسێکی دیکە دیارترین ئەو دۆسیانە دەبن کە لەسەر مێزی گفتوگۆی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەبن".
عارف حەمامی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساش کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بە رووداوی گوت، "رێککەوتنی نێوان هێزەکانی پێکهێنەری حکومەت، پرسی نەوت و بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن و پێداچوونەوە بە کارەکانی حکومەت لە دیارترین پرسەکان دەبن هاوپەیمانێتییەکە باسیان دەکات."
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێکهێنەری حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانییە و یەکێک لە هێزە پێکهێنەرەکانی بریتییە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ