موقتەدا سەدر بۆ وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی: باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل دابخەن

06-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێبەری رەوتی سەدر داوا دەکات سنوورێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل لە دژی پیرۆزییە ئایینییەکان لە فەلەستین دابنرێت کە ئەو بە "دەستدێژی" ناویان دەبات و دەڵێت، "یەکەم چارە ئەوەیە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی باڵیۆزخانەکانی ئەو وڵاتە دابخەن."
 
شەوی پێنجشەممە، 6-4-2023، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی ئاڵۆزییەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوای ئەوەی شارەکانی ئیسرائیل خۆپێشاندانیان لە دژی سیاسەتمەدار و سیاسییەکان بەخۆوە بینی، تەنیاهۆی "گەورەی خراپەکاری" پەلەی کرد لە یاریکردن لەسەر هەستیارییەکان، بۆیە تووندوتیژیی لە قودسی پیرۆز و ئەقسا هەڵگیرساند بۆ ئەوەی لە بەرهەڵستکاران و رکابەرانی رزگاری بێت.
 
رێبەری رەوتی سەدر دەشڵێت، "لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێم زنجیرەی ئەو دەستدرێژییانەی ئیسرائیل لە دژی پیرۆزییە ئایینییەکان لە فەلەستینی تیکۆشان و مەردایەتی، دەبێت سنوورێکیان بۆ دابنرێت."
 
موقتەدا سەدر کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگ دەبێت لە سیاسەت دوورکەوتووەتەوە، لە راگەیێندراوەکەیدا رێگەچارەکانیش دەخاتەڕوو بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە و روونیکردووەتەوە، "یەکەم چارە ئەوەیە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پەلەبکەن لە داخستنی باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لەو وڵاتانەی کە باڵیۆزخانەی خراپەکارییان تێدایە." دەشڵێت، "ئەگەر ئەوە سوودی نەبوو، دەبێت هەڵوێستی دیکە بگیرێتەبەر."
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە، 5ـی نیسان، هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر هاووڵاتییانی فەلەستین لە مزگەوتی ئەقسا لەکاتێکدا خەریکی پەرستش بوون و بە گولـلەی پلاستیکی و لێدان ئازاری نوێژخوێنانیان دا.  
 
ئەو کارە گرژییەکانی زیاتر کرد و رۆژی پێنجشەممە، 6ـی نیسانی 2023، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، نزیکەی 30 مووشەک لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەکراون و میدیای ئیسرائیلیش رایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس مووشەکەکانی هاوێشتووە. میدیای لوبنانیش دوای ئەوە رایگەیاند، ئیسرائیل لە هێرشێکی پێچەوانەدا چەند پێگەیەکی لە باشووری وڵاتەکە مووشەکباران کردووە، ئیسرائیلیش باسی وەڵامدانەوەی هێرشەکان دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە