پووتین: سەرکۆنەی دەستێوەردانی بیانی لە کاروباری عێراقدا دەکەین

06-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی "بەتووندی" سەرکۆنەی دەستوەردانی وڵاتانی بیانی لە کاروباری نێوخۆی عێراقدا دەکات و دەڵێت: ئەو کارە رەت دەکەنەوە.
 
پووتین رۆژی چوارشەممە لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە باڵیۆزەکانی وڵاتانی بیانی لە مۆسکۆ قسەی کرد، کە قەحتان تەها خەڵەف، باڵیۆزی عێراقیش تێیدا بەشدار بوو. 
 
سەرۆکی رووسیا بە باڵیۆزی عێراقی گوت، "بەڕێز باڵیۆز، ئێمە بە هەموو شێوەیەک هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری نێوخۆی وڵاتەکەتان رەتدەکەینەوە."
 
پووتین هەروەها وەبیریهێنایەوە کە ساڵی داهاتوو، 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و رووسیادا تێپەڕدەبن.
 
سەرۆکی رووسیا گوتیشی: "پێکەوەکارکردنی نێوان رووسیا و عێراق ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە پڕۆژەی سوودبەخشی دوو لایەنە لە چەندین بواری جیاجیادا هەیە، لەوانەش لە بواری نەوت و گازدا."
 
پووتین ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، پەیوەندییە بازرگانییەکان گەشەیەکی بەردەوامیان بەخۆوە بینیوە، ئامانجەکەش ئەوەیە پێکەوە پەیوەندییە بازرگانییە ئەرێنییەکە بپارێزین، لەوانەش لە رێگەی هەمەچەشنکردنی پێکەوەکارکردنی ئابووری."
 
دەقی قسەکانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا: 
 
"ساڵی داهاتوو، 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان لەگەڵ عێراق تێپەڕدەبن. پێکەوەکارکردنی نێوان رووسیا و عێراق ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە پڕۆژەی سوودبەخشی دوو لایەنە لە چەندین بواری جیاجیادا هەیە، لەوانەش لە بواری نەوت و گازدا. لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، پەیوەندییە بازرگانییەکان گەشەیەکی بەردەوامیان بەخۆوە بینیوە، ئامانجەکەش ئەوەیە پێکەوە پەیوەندییە بازرگانییە ئەرێنییەکە بپارێزین، لەوانەش لە رێگەی هەمەچەشنکردنی پێکەوەکارکردنی ئابووری. رووسیا بەردەوام رێزی لە یەکپارچەیی و سەروەریی و سەلامەتیی خاکی عێراق گرتووە. بەڕێز باڵیۆز، ئێمە بە هەموو شێوەیەک هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری نێوخۆی وڵاتەکەتان رەتدەکەینەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە