لە دیوانییە پیاوێکی تەمەن 103 ساڵ، هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی تەمەن 37 ساڵیدا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لە پارێزگای دیوانییەی عێراق، پیاوێکی تەمەن 103 ساڵ، بۆ جاری سێیەم دەچێتە نێو قەفەزی زێڕینەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەگەڵ ژنێک هاوسەرگیری کردووە، کە 66 ساڵ لەخۆی بچووکترە. هاوسەرگیرییەک دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. 
 
مخێلف فەرهود مەنسووری، تەمەن 103 ساڵ، خەڵکی گوندێکی دوورەدەستی ناحیەی سۆمەرە لە پارێزگای دیوانییە، چەند رۆژێک لەمەوبەر بە ئامادەبوونی کەسوکار و خزمەکانی، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی کرد.
 
عەبدولسەلام، کە کوڕی مخێلفە، دەڵێت، باوکم ساڵی 1919 لە دایکبووە، ئەمە سێیەمین جارە ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت. خێزانی یەکەمی ساڵی 1999 کۆچی دواییکردووە. دواتر ژنێکی دیکەی هێناوە، بەڵام لە کۆتایی ساڵی رابردوو، لەگەڵ هاوژینەکەی کێشە کەوتە نێوانیان، بۆیە هاوژینەکەی چووەتەوە ماڵی باوکی، دوای چەند مانگێک هەر نەگەڕاوەتەوە و دواتر پێیڕاگەیاندوون، دەتوانن ژنێکی دیکەی بۆ بهێنن، بۆیە ئەوانیش ژنیان بۆ هێناوە.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، وەک عەبدولسەلام باسی دەکات، باوکی ژنێکی هێناوە، تەمەنی 37 ساڵە و 66 ساڵ لەخۆی بچووکترە. 
 
بە گوتەی عەبدولسەلام، شەوی زاوایەتی حەبی ڤیاگرایان بۆ باوکی بردووە، بەڵام باوکی گاڵتەی پێکردوون و رەتیکردووەتەوە حەبەکە بەکاربهێنێت.