داعش هێرشیکردە سەر چەند ناوچەیەکی شارۆچکەی بێجی

06-04-2017
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو - هەولێر

چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر دوو ناوچەی دیکەی پارێزگای سەلاحەددین و "هەشت چەکداریان کوژراون".

خالید دەرڕاجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی مەزرەعە و ئەبوتەعمە لە باشووری  قەزای بێجی.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بۆ سەر خێزانێک و هێزێکی ئەمنی ئەنجامدراوە و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەش بەرپەرچی ئەو چەکدارانە دراوەتەوە، بەهۆیەوە هەشت چەکداری داعش کوژران و چوار ئەندامی خێزانێک و سێ لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

وەک دەرڕاجی باسیدەکات، هێرشەکە بە تەواوی تێکشێنراوە و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و ئاسایی بووەتەوە.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-4-2017 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەی حەراریات لە باکووری رۆهەڵاتی بێجی.

بەپێی راگەیێندراوێکی حەشدی شەعبی هێزەکانی لیوای 42ی حەشدی شەعبی بەرپەرچی هێرشێکی چەکدارانی داعشیان داوەتەوە، کە بۆ سەر ناوچەی حەراریات- لە قەزای بێجی سەر بە پارێزگا سەلاحەددین ئەنجامیانداوە.

حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشکردووە، چوار چەکداری خۆکوژری داعشیان کوشتووە و تاوەکو ئێستاش شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان هەردوولا بەردەوامە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە