رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمی یادی کۆچی دوایی عەبدولعەزیز حەکیم دا، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێویستمان بە سرووش وەرگرتنە لە رێبازی سەرکردە داناکانی وەک سەید حەکیم، ئەوانەی هەمیشە بەرژەوەندی باڵای عێراقیان لە سەروو هەموو شتێکەوە دانابوو."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئاداری 2025، رێوڕەسمی یادکردنەوەی کۆچی دوایی عەبدولعەزیز حەکیم، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و حکومی لە هەولێر بەڕێوەچوو.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە هەولێر پێکەوە یادی کۆچی ئازیزی عێراق، بەڕێز عەبدولعەزیز حەکیم دەکەینەوە، ئەو کەسەی هێمای دانایی بوو، باوەڕی بە عێراقێک هەبوو هەمووان لەخۆ بگرێت بەبێ جیاوازی و ژیانی بۆ گەلەکەی تەرخان کرد."
عەبدولعەزیز موحسین حەکیم، کە باوکی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەیە؛ ساڵی 1950 لە شاری نەجەف لەدایک بووە.
عەبدولعەزیز حەکیم یەکێک بووە لە کەسایەتییە کارا و دیارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە رژێمی بەعسی عێراق. بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی سییەکان، لە لە ئابی 2009 لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران کۆچی دوایی کرد.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەڕێزیان بەرپرسیارییەتی گەورەی لە ئەستۆ گرتبوو، باوەڕی وابوو کە ئاشتی و پێکەوەژیان تاکە بنەمای بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێزە. بەڕێزیان پێی وابوو کە سەقامگیری بەبێ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هێزە سیاسییەکان و گەل نایەتەدی."
بە بڕوای دڵشاد شەهاب، "ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەو ئاڵنگارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییانەی کە عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی بوونەتەوە، پێویستی زیاترمان بە سرووش وەرگرتن هەیە لە رێبازی سەرکردە داناکانی وەک سەید حەکیم، ئەوانەی کە هەمیشە کاریان دەکرد بۆ ئەوەی سۆنگەکان لەیەکدی نزیک بکەنەوە و بەرژەوەندی باڵای عێراقیان لەسەروو هەموو شتێکەوە دانابوو."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "ئەمڕۆ عێراق بە قۆناخێکدا تێدەپەڕێت کە پێویستی بە یەکڕیزی و کارکردن بە رۆحی بەرپرسیارییەتی نیشتمانی هەیە لەنێوان سەرجەم لایەنەکاندا، ئاڵنگارییەکان چ سیاسی بن یان ئابووری و ئەمنی بە حیکمەت و دانایی نەبێت تێناپەڕێندرێن."
دڵشاد شەهاب پێی وایە، "تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان بە گفتوگۆ، رێزگرتن و هاوکاریکردنی یەکدی دەکرێت، هەروەها بە دوورکەوتنەوە لە دابەشکاریی و جیاوازی کە رێگری دەکات لە پێشکەوتن و سەقامگیری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ