وەزارەتی بازرگانی عێراق: بەشەخۆراکی مانگانە هیچ کەموکوڕییەکی نییە

06-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرانی دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی و هەولێر دەڵێن، لە سەرتاسەری عێراق گرفتی کەمی رۆنی شل هەیە، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراقیش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، هیچ گرفتێک لە مادەکانی بەشەخۆراکی مانگانەدا نییە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئاداری 2025، کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "دەستکراوە بە دابەشکردنی یەکەم بەشەخۆراکی ساڵی 2025 و بەشی زۆری مادەکان دابەشکراون و مادە هەیە دابەشكردنی کۆتایی هاتووە، بەڵام گرفتی کەمی برنج و نەبوونی رۆنی شلیان هەیە."
 
کامەران فەتاح دەڵێت: "رۆژانە برنج دەگاتە دەستمان و راستەوخۆ دەینێرین بۆ دابەشکردن، بەڵام گرفتی رۆنی شل لە سەرتاسەری عێراق هەیە و تاوەکو ئێستا هیچ رۆنمان بۆ نەهاتووە، وەزارەتیشمان ئاگادار کردووەتەوە و دەڵێن، ئەو کارگەیە رۆن دابیندەکات کێشەی هەیە و چاوەڕێ چارەسەرکردنی گرفتەکەین."
 
بەڵام محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رەتیدەکاتەوە کێشەی کەمی رۆنی شل هەبێت و بە رووداوی راگەیاند: "هیچ گرفتێک لە مادەکانی بەشەخۆراکدا نییە و سەرجەمی مادەی خۆراکی پێویستمان رەوانەی هەرێمی کوردستانیش کردووە و پڕۆسەی ناردنیش بەردەوامە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق گوتیشی: "بەشەخۆراکی ئەم مانگە چوار جۆری پاقلەمەنی لەخۆدەگرێت، کە نیسک، نۆک، فاسۆلیا و لەتکەنۆکە، هەوڵ دەدەین لە مانگەکانی داهاتوو ژمارەی مادەکان زیاد بکەین، بەڵام بۆ ئەم رەمەزانە زیادکردنمان نەبوو."
 
هاوکات دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "هەندێکجار کەموکوڕی لە رێژەی رۆنی شل دروست ئەبێت، بەڵام کێشەیەکی ئەوتۆی دروست نەکردووە، دەبیستین کە دەگوترێت ئەو کۆمپانیایەی رۆنەکە بەرهەمدەهێنێت لە عێراق کێشەی هەیە."
 
سەبەتەی خۆراکی ئەم مانگە لە هەشت مادە پێکدێت کە ئەمانەن:
 
برنج: سێ کیلۆگرام
شەکر: یەک کیلۆگرام
رۆنی شل: یەک لیتر
دۆشاوی تەماتە: 400 گرام
نیسک: 250 گرام
نۆک: 250 گرام
فاسۆلیا: 250 گرام
لەتکە نۆک: 250 گرام
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە