بەرپرسێکی حیزبوڵڵا پێشبینی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی پارتی، سەدر و سوننەکان دەکات

06-03-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی باڵای ئەمنیی گرووپی حیزبوڵڵای عێراق، وەکو ئاماژەیەک بۆ هاوپەیمانیی سێقۆڵی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان، رایگەیاند، "رووداوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو گیراوەی تورکیا و ئیمارات بەمزووانە دەرووخێت".
 
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی گرووپی حیزبوڵڵای عێراق، کە گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبییە، لە هەژماری خۆیدا لە تێلیگرام نووسیویەتی: "لە ساڵیادی راپەڕینی شەعبانیی پیرۆزدا دژی زۆردارترین دیکتاتۆرییەت لە ناوچەکەدا، رۆڵی تاوانکاریی ئەمریکامان لەبیرناچێت، کە هاوکاری دەسەڵاتی سەددامی کرد بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینە جەماوەرییەکە و کوشتنی خەڵکی بێتاوان، لەگەڵ رووخاندنی مەزارگە پیرۆزەکان".
 
ئەبو عەلی عەسکەری لە پۆستەکەیدا ئاماژە بە چەند پرسێک دەکات و دەنووسێت: "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بەوەی کە ناوی (لیژنەی ئەبو رغیف)ی لێنراوە، بەرز دەنرخێنین، هەروەها رێنمایی دەزگا ئەمنییەکان و هەموو کارمەندانی پەیوەندیدار دەکەین فەرمانی دەستگیرکردنی (ئەبو رغیف) جێبەجێبکەن، بۆ ئەوەی بە سزای دادپەروەرانە بگات لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامیداون".
 
هاوکات دەڵێت: "داوا لە زیانمەندانی دەستی (ئەبو رغیف) دەکەین سکاڵای یاسایی دژی تۆماربکەن بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان".
 
ئەو بەرپرسەی حیزبوڵڵای عێراق هیوای ئەوە دەخوازێت مستەفا کازمیش زیندانی بکرێت، ئەویش: "بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی سەرکردەکانی سەرکەوتن (ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران)".
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی هەشتی ساڵی 2020دا لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەبو رغیف پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە و ئەندامێتی چەند ئەفسەرێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای دژەتیرۆر، لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی دەستپاکی و دەسەڵاتێکی زۆری پێدا، کازمی هەروەها دەزگای دژەتیرۆری عێراقی راسپارد بڕیارەکانی لیژنەکە بە رەزامەندی دادگە جێبەجێ بکات، بۆیە تاوەکو ئێستا بە راسپاردەی لیژنەکەی ئەحمەد ئەبو رغیف چەندین بەرپرسی ئێستا و پێشووی عێراق بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیرکراون.
 
بەڵام دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، چوارشەممەی رابردوو 02-03-2022، لە رۆشنایی سکاڵایەک بڕیاری دا کە لیژنەکەی ئەبو رغیف "نادەستوورییە"، بۆیە هەڵیوەشاندەوە.
 
بەرپرسە ئەمنییە باڵاکەی حیزبوڵڵای عێراق، سەبارەت بە هاوپەیمانی سێقۆڵی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان، ئاماژە بەوە دەکات: "رووداوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە گیراوەکەی تورکیا و ئیمارات بە ویستی خودا و بەمزووانە دەرووخێت".
 
هەروەها لەبارەی کوێتەوە، ئەبوو عەلی عەسکەری نووسیویەتی: "زۆر لە عێراقییەکان باوەڕیان وایە کوێت خاکی عێراقە، تەنانەت بەشێکیان دەڵێن میرەکانی کوێت زیاتر لە 50 ملیار دۆلار قەرزاری عێراقییەکانن، هەروەها بەرپرسیارێتی کوشتنی هەزاران عێراقی لەگەڵ رووخاندنی دامەزراوەکان و باڵەخانەکان بەهۆی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە دەخەنە ئەستۆیان، بۆیە برایانمان لە کوێت دونیا دوو رۆژە (رۆژێک بۆ تۆیە و رۆژێک دژی تۆیە)".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە