رووداو دیجیتاڵ
سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و پێشوازیی لێکردنی لەلایەن بەرپرسانەوە، گرنگییەکی ئەوتۆی لە راگەیاندنەکانی ئێران پێنەدرا. لەنێو چاپی رۆژنامەکانی رۆژی شەممەی ئێراندا تەنیا چەند رۆژنامەیەکی نزیک لە ریفۆرمخوازان سەردانەکەی پاپایان وەک مانشێتێکی سەرەکی لاپەڕەی یەکەم دیاریی کردبوو، هەندێ لە رۆژنامەکان تەنانەت هیچ باسی ئەو سەردانەیان نەکردبوو.
رۆژنامەی کەیهان، کە بەرپرسەکەی رێبەری ئێران دایناوە و رەنگدانەوەی روانگەکانی رێبەری ئێرانە، لە مانشێتەکەیدا نووسیویەتی، "بەڕێز پاپا! ئاخۆ دەزانی [قاسم] سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس کە بەدەستی ئەمریکییەکان کوژران رزگارکەری کریستیان و کەنیسەکان بوون؟"
رۆژنامەی جەوانیش کە سەر بە سوپای پاسدارانە لەبارەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس نووسیویەتی "ئەی پیاوە نەجیبەکە پێت دەڵێم: ئەم سەردانەی ئێوە ئەگەر لە رۆژانی بە دیلگرتنی ژنە ئێزدی و کریستیانەکان و داگیرکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق بە دەستی داعش بووایە، لە ویژدانی لێقەوماوەکاندا کاریگەریی زیاتری دەبوو".
حەسەن عابدینی، رۆژنامەڤانە و لە تویتێکدا دەڵێت "پاپا تەزبێحەکەی پێشکەش کرد بە ریان کلدانی، فەرماندەی کریستیانی حەشدی شەعبی. بریا لە گەرمەی شەڕ لەگەڵ داعشیشدا، رۆژئاوای کریستیان گولـلەیەکیان پێیان بدایە". رۆژنامەڤانەکە دەڵێت، "کلدانی پێشتر گوتوویەتی 'ئەو کەسانەی پشتیوانییان لەوان کردووە شەهیدان [قاسم] سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بوونە".
ئەوە لەکاتێکدایە بەشێک لە خەڵکی ئاسایی و بەشێک لە رۆژنامەڤانان بەجۆرێکی دیکە کاردانەوەیان بەرامبەری سەردانەکەی پاپا و روانگەی دەسەڵات بەو سەردانە نیشان داوە.
جەواد حەیدەریان رۆژنامەڤانێکی ئێرانییە و و لە هەژماری خۆی لە تویتەر باس لەوە دەکات "چاوپێکەوتنی مێژوویی پاپا فرانسیس و ئایەتوڵڵا سیستانی لە عێراق سەرەڕای ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێ، دەستپێکێک بۆ دیالۆگی نێوان ئایینەکان، ژیارییەکان و کۆتایی شەڕ و تووندوتیژی بێت، هەڵسەنگاندنێکی واتاداریشە لەنێوان مەرجەعیەتی جەماوەریی نەجەف و کۆشکنشینەکانی قومدا".
ئیحسان سوڵتانی، خوێندکاری زانکۆیە و لە تویتەردا دەڵێ: "هەڵبەت رێز شتێک نییە خودا بە کەسێکی بدات. بەڵکوو لە ئەنجامی کردەوەکانەوە دێت. کەسێکیش دەبێتە بەڕێز سیستانی، کە بەبێ خەرجکردنی چەندەها ملیار بودجەی حکومەتی، بەبێ زۆری چەک و قۆرخکردنی راگەیاندنەکان ئەوەندە بەڕێز و دەستڕۆیشتوو دەبێت کە رێبەری جیهانی مەسیحییەت بۆ یەکەمجار لە مێژووی پەیوەندییەکانی مەسیحییەت و ئیسلامدا سەردانی ماڵەکەی دەکات و رێزی بۆ دادەنێت".
ساڵانێکە دەسەڵاتی ئێران هەوڵ دەدات تاوەکو قوم جێی نەجەف وەک ناوەندی مەرجەعیەتی شیعە بگرێتەوە، ساڵانە سەدان خوێندکار لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئیسلامییەوە لە ئەفریقاوە تاوەکو باشووری ئاسیا لە ناوەندە فێرکارییە ئایینییەکانی قومدا وەردەگیرێن و دواتر بۆ وڵاتانی خۆیان بەڕێ دەکرێنەوە. بەگوتەی عەلی عەباسی، سەرۆکی زانکۆی مستەفا عالەمییە، دەیان هەزار خوێندکار سەر بە 136 نەتەوەی جیاواز لە قوم دەخوێنن.
رۆژی شەممە، لە شاری نەجەف، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە کۆبووەوە. عەلی سیستانی لەگەڵ پاپا فرانسیس باسی لە ستەم و هەژاریی و چەوساندنەوەی ئایینی کردووە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی شەڕ و تووندوتیژی و راگواستن، "بە تایبەت گەلی فەلەستینی لە خاکە داگیرکراوەکان".
ئایەتوڵڵا سیستانی تاوەکو ئێستا جەختی لەسەر پێویستیی جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات کردووەتەوە. تەنانەت لە سەردانی پاپادا رێگەی نەداوە بەرپرسانی حکومی بەشداریی دانیشتنەکە بن.
ئەمە جیاوازییەکی زۆر گەورەی رێبەری ئێران و مەرجەعیەتی شیعەیە لە عێراق. لە ئێران عەلی خامنەیی سەرچاوەی سەرەکیی دەسەڵاتە لە وڵات، فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی ئێرانە، بەرپرسانی زۆربەی دامەزراوە کاریگەرەکان خۆی دیاریی دەکات و لە سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتە ناوخۆییەکاندا قسەی کۆتایی ئەو دەیکات.
ئارمین سلێمانی، رۆژنامەڤانە و لە تویتەری خۆیدا نووسیویەتی، "نیو سەدە خەونبینین بە گۆڕینی جیۆگرافیای مەرجەعی شیعە لە نەجەفەوە بۆ شاری قوم، ئەویش بە تێچوویەکی زۆرەوە و پێشاندانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بە سەردانێکی چوار رۆژەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی و بەشێوەیەکی مێژوویی بەفیڕۆچوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ