شاوێس: كێشەكانی هەولێرو بەغدا روویان لە چارەسەرییە

06-03-2014
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن عێراق هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو-هەولێر

جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بەرەو چارەسەر دەرۆن.

د. رۆژ نووری شاوێس، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری، لە بەیاننامەیەكدا، كە كۆپییەكی گەیشتووەتە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند: "كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بەرەو چارەسەر دەرۆن و هەوڵێكی زۆر دەدەرێ بۆ چارەكردنی ئەو كێشانە بە دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كورستان".

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، "شاوێس لە دیدارێكدا لەگەڵ ولیام بێرنز، راوێژكاری پێشكەوتووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا و قەیرانی پارێزگای ئەنباریان تاوتوێكرد".

بەیاننامەكە هاوكات ئاماژە بەوەشدەكات، كە "شاوێس و بێرنز جەختیان لە گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق كردووە بە بێگەردی و لە وادەی دیاریكراوی خۆی، بۆ پتەكردنی بنەماكانی دیموكراسی لە عێراق".

ئەمە لەكاتێكدایە شاندێكی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی رۆژ نووری شاوێس، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری سەردانی ئەمریكا دەكات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە