ئەکرەم کەعبی: ئەمریکا بە دەست و بازووی مقاوەمە دەڕوات

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، ئەمریکا بە بکوژی ئیمام موسای کازم یەکێک لە ئیمامەکانی شیعەکان دەچوێنێت و بە هەڕەشەکردنەوە دەڵێت: "ئەمریکا بە دەست و بازووی پیاوانی مقاوەمە لە عێراق دەڕوات."
 
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن؛ بەبۆنەی ساڵڕۆژی کوژرانی 'ئیمام موسای کازم' یەکێک لە دوانزە ئیمامەکەی شیعەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
کەعبی جگە لە سوپاسکردنی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی، کە ئاسایشی زیارەتکارانیان پاراستووە، دەڵێت دەبێت ئەوە بڵێین "ئەم رۆژە ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە ستەمکاران هەرچەندە کاتیش بمێننەوە ئەوا نامێنن، بکوژی ئیمام کازم بەهۆی ستەمکارییە زۆرەکەیەوە بە هەورەکان دەیگوت ببارێنە دەرهاویشتەکەت هەر بۆ خۆمە."
 
هەروەها دەشڵێت: "ئەمریکای ستەمکاری سەردەمیش ئاوایە، رۆژێک بەخۆی و ستەمکارییەکەیەوە دەڕوات و رۆڵەی وڵات دەمێنێتەوە کە لە خاکەکەی ژیاوە و ئاوەکەی خواردووەتەوە."
 
زیاتر لەسەر ئەمریکا قسە دەکات و دەڵێت: "داگیرکاری نامۆ بەپشتیوانی خوا و دەست و بازووی پیاوانی پاڵەوانی مقاوەمە دەڕوات، ئومێد دەکەین خوا ئەو جیهادە لە هەمووان وەربگرێت."
 
موسا جەعفەر کازم، حەوتەم ئیمامی شیعەکانە و وەک دەگوترێت زیاتر لە نیوەی تەمەنی لە زیندانەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ھارونە رەشید بەسەر بردووە و پاشان کوژراوە و لەسەر یەکێک لە پردەکانی بەغدا فڕێدراوەتە خوارەوە. شیعە مەزھەبەکان تەنیا بۆ ئیمام موسا کازم و ئیمام حوسێن بەپێ سەدان کیلۆمەتر دەبڕن، شیعەکان وای دەبینن کەس ھێندەی ئەوان ستەمی لێنەکراوە، ساڵانە لە یادی کوژرانیان بە سەتان ھەزار کەس روو لە مەزارەکانیان دەکەن.
 
بزووتنەوەی نوجەبا یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی شیعە و بەشدارە لە "مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق''، کە لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیان بە هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە، بەپێی ئاماری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا "مقاوەمە" لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 170 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.