شەقامی بەغدا لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان تووڕەیە

رووداو دیجیتاڵ

شەقامی رەشید لە بەغدا گوزارشت لە رەسەنایەتیی مێژوو و فرەڕەنگی دەوڵەتی عێراقی نوێ دەکرد، بەڵام ئێستا لەژێر سایەی هێزە ئیقلیمییەکان، شیرازەی تێکچووە و زیاتر لە گۆڕەپانێكی شەڕ دەچێت، کە نوێنەرایەتیی یەک بەرە دەکات ئەویش بەرەی مقاوەمەیە.
 
نوور سەعد، سەرکردەی شیعە دەڵێ "هەموو بەرەی مقاوەمە؛ ئێران، عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن و بەحرەین پێکەوە کاردەکەن و لەپەیوەندیدان و یەک سیاسەتی نزیک لە یەکدی دادەڕێژن، ئەوەش نە شەرمەزارییە و نە شەرمیشی لێ دەکەین."
 
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سووریا، کە ئیدارەی بایدن لە تۆڵەی کوژران و برینداربوونی سەربازەکانی لە بنکەی تاوەر 22ـی ئوردن کردوونی، دەگوترێت خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج. 
 
ئەمەش پرسیارێکە رووداو ئاراستەی پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆنی کرد، کە لە وەڵامدا رایگەیاند "پێموایە ئێمە زۆر روون بووین لەوەی چ شوێنێکمان کردووەتە ئامانج. ئەو شوێنانە بنکە بوون و لەلایەن سوپای پاسداران و گرووپەکانی نزیکیان بەکارهێندرابوون بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، بەڕوونیش ئەو شوێنانەم دیاریکرد و ئەوانی ئێمە کردماننە ئامانج، ناوەندی فەرماندەیی، ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان، هەواڵگری، رۆکێت و درۆن و کۆگەی چەک و تەقەمەنی بوون. بۆیە جارێکی دیکە سەرنجمان لەسەر ئەوەیە هێرش بکەینە سەر توانا سەربازییەکانی ئەو گرووپانە." 
 
لە شەقامی موتەنەبیی بەغدا خەڵک تووڕەن. دەڵێن ئامانج لە هێرشەکان لێدانی بەرەی مقاوەمەیە، کە ئێران سەرۆکایەتیی دەکات. 
 
عەلی، گەنجێکی دانیشتووی بەغدایە و دەڵێ "ئێران بەرگریی لە غەززە کرد و هاوکاریی پێشکێشی مقاوەمە کرد."  
 
هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی عەلی واریسی باسی ئەوە دەکات "ئەمریکییەکان و ئیسرائیل گوزارشتیان لە ستەم کرد، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خودا ئێمە و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوبەشی زۆر بە یەکمان دەبەستێتەوە."
 
عێراق، وڵاتێک کە بەهای سامانیی گشتی 25 ترلیۆن دۆلارە و ساڵانە 100 ملیار دۆلار داهاتی نەوتەکەیەتی؛ ئێستا سەرووی 11 ملیۆن گەدەی برسیی هەیە و زیاتر لە دوو ملیۆن بێوەژن لە پەنای شەش ملیۆن منداڵی بێ دایک و باوکدان.