دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک لە دژی سوودانی دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک بکات لەلایەن سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە سەردەمی مستەفا کازمی، لە دژی محەممەد شیاع سوودانی تۆمارکراوە.
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی شوباتی 2024، دادگە بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە، سکاڵایەکیان لەلایەن فەریق روکن عەبدولغەنی ئەسەدییەوە تۆمارکراوە و تێیدا داوا دەکات دادگەکە فەرمانی ژمارە 98ـی 1ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2021ـی تایبەت بە دوورخستنەوەی لە سەرۆکایەتیکردنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە"نادەستوووری" بزانێت.
 
سکاڵاکار داوای ئەوەشی کردووە کە لێکەوتەکانی بڕیارەکەش هەڵبوەشێنێتەوە کە لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق بەهۆی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی کەوتووەتەوە.
 
عەبدولغەنی ئەسەدی ئەوەی بە دادگەکە راگەیاندووە دەیەوێت ئەو مافانەی بۆ بگەڕێنێتەوە، کە لەو کاتەی لە پۆستەکەیدا هەیبووە.
 

کۆبوونەوەی دادگەی فیدڕاڵی لەبارەی ئەو سکاڵایەوە کە لە دژی"محەممەد شیاع سوودانی"، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ژمارە336/فیدڕاڵی/2023 تۆمارکراوە، یەکەم دانیشتنی دادگەکەی لەبارەوە دەکرێت.
  
عەبدولغەنی ئەسەدی لەدایکبووی 1951ـی پارێزگای میسانە؛ لەساڵی 1972 کۆلێژی سەربازیی تەواو کردووە؛ لە 4ـی تەممووزی 2020 لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراقەوە کرایە سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق و لە 31ـی ئۆکتۆبەری 2021 لە سەرۆکایەتیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بەخشرا.