حکومەتە خۆجێییەکانی 11 پارێزگای عێراق هەڵبژێردران و سێ پارێزگاریش لە پۆستەکانیاندا مانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

هەڵبژاردنی حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکانی عێراق بەردەوامە و شەوی رابردوو حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکانی "بابل، زیقار، موسەنا" یەکلاییکرانەوە، بەمەش ژمارەی ئەو پارێزگایانەی حکومەتە خۆجێیەکانیان هەڵبژارد، گەیشتنە 11 پارێزگا، تەنیا چوار پارێزگای دیکە ماون پۆستەکانیان یەکلایی بکەنەوە، لەوانە پارێزگای کەرکووک، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەڵێت" پێویستە لەماوەی هەفتەیەکدا یەکلایی بکرێتەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024، کۆتایی ئەو وادەیە بوو کە یاسای پارێزگاکانی عێراق بۆ  یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەدوای پەسندکردنی هەڵبژاردنەکانەوە دیاریکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا چوار پارێزگا حکومەتە خۆجێیەکانیان هەڵنەبژاردووە.
 
ئەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنەکانیان کردووە بریتیین لە "بەغدا، نەینەوا، ئەنبار، نەجەف، کەربەلا، سەلاحەدین، واست، بەسرا، زیقار، بابل، موسەنا." بەڵام ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکانی"کەرکووک، دیالە، دیوانییە، میسان" نەیانتوانیوە سەرۆک و جێگرانی و پارێزگار و جێگرانی هەڵبژێرن، رەنگە کەرکووک زەحمەتترینیان بێت، ئەوەش بەهۆی پێکهاتەی ئاڵۆزی پارێزگاکە و نەخشەی دابەشبوونی کورسییەکانەوە.
 
ئەو سێ پارێزگارەشی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی تێبینی لەسەر هەبوون و نەیدەویست ببنەوە پارێزگار لە دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکە و بە لیستەکانی خۆیان و هاوپەیمانێتی نوێ توانیان سەربکەونەوە و دووبارە ببنەوە بە پارێزگار، ئەوانیش ئەسعەد عیدانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم بۆ پارێزگاری بەسرە، نسەیف خیتابی، پارێزگاری کەربەلا، محەممەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست.
 
شەوی رابردوو ئەم پارێزگایانە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانیان کرد کە بەمشێوەیە بوو:
 
پارێزگای زیقار
 
پارێزگار: مورتەزا ئیبراهیمی، لە هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت/ رەوتی حیکمە
- جێگری یەکەمی پارێزگار: رەزاق کشیش، لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
- جێگری دووەمی پارێزگار: ماجی عیتابی، لە فراکسیۆنی سادیقونی عەسائیبی ئەهلی حەق
- سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا: عەبدولباقی ئەلعومەری، لە هاوپەیمانی نەبنی 
- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن: مورتەزا سعێدی، لە حیزبی فەزیلە
 
پارێزگای بابل
 
- پارێزگار: عەدنان فەیحان، لە فراکسیۆنی عەسائیبی ئەهلی حەق
- جێگری یەکەمی پارێزگار: عەلا ئەعرەجی،  لە هاوپەیمانیی نەبنی/ بەدر
- جێگری دووەمی پارێزگار: ئەحمەد شەهید غرێباوی، لە هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی
- سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا: ئەسعەد مسەلەماوی،  لە هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت/ رەوتی حیکمە
- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن: حەمزە جەبار حەربی، لە ئەبشر یا عێراق
- ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەن: عەبدولسەلام ئەلعەزاوی، لە هاوپەیمانیی نەبنی
 
پارێزگای موسەننا
 
- پارێزگار: موهەندی عیتابی، لە حیزبی فەزیلە
- جێگری یەکەمی پارێزگار: موئەیەد ئەلیاسری، لە رەوتی حیکمە
- جێگری دووەمی پارێزگار: حەیدەر وەهامی، لە هاوپەیمانیی نەبنی
- سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا: ئەحمەد موحسین دربول، لە هاوپەیمانیی نەبنی
 
عارف حەمامی، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی حکومەتە خۆجێیەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "باشترە لەماوەی یەک هەفتەدا ئەو بابەتە یەکلایی ببێتەوە، چونکە دەبێت خزمەتگوزاری دەستپێبکاتەوە و ئەنجوومەنەکان وەکو چاودێر کار بکەن." گوتیشی" باشترە کە ئەندامانی ئەنجوومەنەکان زیاتر بایەخ بە پارێزگاکانیان بدەن و خۆیان لە ناکۆکی و مشتومڕی سیاسیی نەدەن."
 
بەپێی ئەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنیان بۆ کراوە، پۆستی پارێزگارەکان بەمشێوەیە بووە:
1- بەغدا: عەبدولموتەڵیب علێوی، لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
2- بەسرە: ئەسعەد عیدانی، هاوپەیمانیی تەسمیم
3- کەربەلا: نسەیف خیتابی، لە هاوپەیمانیی ئیبداع کەربەلا
4- واست: محەممەد جەمیل مەیاحی، لە هاوپەیمانیی واست ئەجمەل
5- ئەنبار: محەممەد نووری کەربولی، لە هاوپەیمانیی تەقەدووم
6- نەجەف: یوسف کناوی، لە هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت/ رەوتی حیکمە
7- سەڵاحەدین: ئەحمەد جبووری، لە هاوپەیمانیی جەماهیر 
8- نەینەوا: عەبدولقادر دەخیل، لە هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو 
9- موسەنا: موهەننەد عیتابی، لە حیزبی فەزیلە
10- بابل: عەدنان فەیحان، لە عەسائیبی ئەهلی حەق
11- زیقار: مورتەزا ئیبراهیمی، لە هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت/ رەوتی حیکمە
 
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو و لە رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەى پەسند کرد.