عێراق
تەمەنى کارکردنى ئەنجوومەنى ئێستاى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە 7ـی کانوونى دووەم کۆتایی دێت
رووداو دیجیتاڵ
یەک رۆژ لە تەمەنى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ماوە، رێگەچارەکان لە پەرلەمان لەنێوان درێژکردنەوەی تەمەنی بۆ ساڵێک یان دیاریکردنى کۆمیسیۆنێکى نوێیە، ئەگەر پەرلەمان نەیتوانى تاوەکو 7ـی کانوونى دووەم تەمەنی درێژ بکاتەوە.
پەرلەمانى عێراق نەیتوانى 5ـی کانوونى دووەم کۆببێتەوە بۆ ئەوەى بڕیار لە چارەنووسى کۆمیسیۆنى ئێستای باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بدات، سەرەڕای ئەوەى مەحموود مەشهەدانى، سەرۆکى پەرلەمان داواى لێکردن کۆبوونەوەیەک بۆ ئەو بابەتە بکەن.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "بەهۆى ئامادەنەبوونى رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران، کۆبوونەوەکە نەکرا و چاوەڕێى ئەوەین جارێکى دیکە داواى کۆبوونەوە بکرێت."
تەمەنى کارکردنى ئەنجوومەنى ئێستاى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە 7ـی کانوونى دووەم کۆتایی دێت، دواى ئەوەى 22ـی ئایارى 2024 پەرلەمان بۆ دووەمجار تەمەنەکەى بۆ شەش مانگ درێژکردەوە.
دارا سێکانیانى رایگەیاند، "بەو پێیەى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق دەکەوێتە کۆتایی ئەم ساڵ، ئەمجارە دەبێت لەبرى شەش مانگ، بۆ ماوەى ساڵێک تەمەنى کۆمیسیۆن درێژ بکرێتەوە تاوەکو دەرفەتى ئەوەى هەبێت سەرپەرشتیی هەڵبژاردن و راگەیاندنى ئەنجامەکانى بکات."
رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەسەر بنەماى 45 رۆژ بەر لە یەکەم دانیشتنى ئەم خولەى پەرلەمان دیناری دەکرێت.
ئەو دانیشتنە لە 9ـی کانوونى دووەمى 2022 کرا، بەو پێیە دەبێت هەڵبژاردنى پەرلەمان بکەوێتە کۆتایی مانگى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ.
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەگەر تاوەکو 7ـی کانوونى دووەم تەمەنى کۆمیسیۆن درێژنەکرێتەوە، ئیدی ناتوانرێت درێژ بکرێتەوە"؛ گوتیشى "یان کۆمیسیۆنێکى نوێ هەڵدەبژێردرێت یان دەبێت لە رێگەى دادگەى کارگێڕییەوە چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە."
پشووى پەرلەمانى عێراق لە 9ـی کانوونى دووەمی 2024 کۆتایی دێت و پەرلەمانتاران دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.
مورتەزا ساعیدی، جێگرى یەکەمى سەرۆکى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "رێگە چارەى زۆرمان لە بەردەست نییە. یان دەبێت بەر لە 7ـی کانوونى دووەم تەمەنى کۆمیسیۆن درێژبکەینەوە کە ئەمە رووى نەدا، یان ئەوەتا ئەنجوومەنى باڵاى داوەری بۆچوونى یاسایی خۆى لەبارەیەوە بدات."
بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە 9 ئەندام پێکدێت و ماوەى کارکردنیان چوار ساڵە، دەسەڵاتى دەرکردنى بڕیار، پەسندکردنى رێنمایی، رێکارەکانى هەڵبژاردن و ئەو سکاڵایانەیان هەیە کە رێگەپێدراوى یاسایی پارتە سیاسییەکان تۆماریان دەکەن.
دارا سێکانیانى گوتى "یەکێک لە ئەگەرەکان وەک دەرچەى یاسایی ئەوەیە؛ لە دواى 7 کانوونى دووەم ئەندامانی ئێستای ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەربژێر بکرێنەوە وەکو ئەندامی نویی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ