لە سەلاحەدین داعش دوو چەکداری حەشدی شەعبیی کوشت

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای سەلاحەدین، گرووپێکی چەکداری داعش هەڵیانکوتایە سەر فەوجێکی حەشدی شەعبی و دوو چەکداریان کوشت و سێی دیکەشیان بریندار کردن.
 
شەممە 06-01-2024، کاوە شێخانی، راوێژکاری سەربازیی پارێزگاری سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی داعش هەڵیانکوتاوەتە سەر فەوجی 5ـی لیوای 22ـی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و رۆژهەڵاتی دیجلەی حەشدی شەعبی، دوو چەکداری حەشدیان کوشتووە و سێی دیکەیان بریندارکردووە."
 
کاوە شێخانی گوتی "چەکدارەکانی داعش هەڵاتوون و قوربانییەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تکریت."
 
ئەم هێرشە لەکاتێکدایە رۆژی 02-01-2024، راگەیاندنی هەواڵگریی سەربازیی عێراق رایگەیاند، "حەوت ئەندامی داعشمان لە بەغدا، کەرکووک، نەینەوا و ئەنبار دەستگیرکرد، کە هێزە ئەمنییەکانیان بە ئامانج گرتبوو."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، "ئەو ئەندامانەی داعش لە چەند بۆسەیەک لەلای راستی موسڵ، هەردوو ناحیەکانی مشاهەدە و فورات و لە هەردوو خاڵی پشکنینی شەهید سەبهان و تەڕکەلان دەستگیرکراون."