سەرۆکوەزیرانی عێراق: جامی کەنداو سەرکەوتنی عێراقییەکانە لە هاوئاهەنگی، خۆشەویستی و برایەتی
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، جامی کەنداو سەرکەوتنێکە بۆ هەوڵی عێراقییەکان لە هاوئاهەنگی، خۆشەویستی و برایەتی.
ئێوارەی ئەمرۆ هەینی، 6-1-2023، پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمی جامی کەنداو 25 کە لە شاری بەسرە لە عێراق بەڕێوەدەچێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق تویتێکی کرد و دەڵێت: "ئەمڕۆ لە یاریگەکانی بەسرەی خۆشەویست، پاڵەوانێتیی کەنداو 25 دەکەینەوە؛ بەخێرهاتنی گەنجانی کەنداو، هەڵبژاردەکان و جەماوەر لە خاکی عێراق دەکەین."
محەممەد شیاع سوودانی هەروەها دەڵێت: "ئەم پاڵەوانێتییە سەرکەوتنی هەوڵی عێراقییەکانە لە هاوئاهەنگی، خۆشەویستی، برایەتی و هەموو ئەو هەوڵانەی لەپێناو سەرکەوتن دران. بەسرەی ئەمڕۆ بە میوانەکانی و خەڵکە بەخشندەکەی دەگەشێتەوە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوو.
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و شاکر سمۆ، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش و لاوان یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوون.
عێراق جاری دووەمە میوانداری ئەم پاڵەوانێتییە دەکات، دوای میوانداریکردنی لە ساڵی 1979 لە بەغدا.
هەڵبژاردەکانی عێراق، سعودیە، عومان و یەمەن لە کۆمەڵەیەکدان و قەتەر، ئیمارات، بەحرێن و کوێتیش لە کۆمەڵەکەی دیکەدان.
جامی کەنداو 25 بە رووبەڕووبوونەوەی عێراق و عومان دەستپێکرد و بڕیارە 19ـی ئەم مانگە کۆتا یاری جامەکە بەڕێوەبچێت.