وەزیرانى دەرەوەى عێراق، سووریا و ئێران لە بەغدا کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە سبەى هەینى، وەزیرانى دەرەوەى عێراق، ئێران و سووریا لە بەغدا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ناوچەکە و سووریا.
 
 میدیاى فەرمیى عێراق بڵاویکردەوە، فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لە بەغدا لەگەڵ بەسام سەباخ، وەزیرى دەرەوەی سووریا و عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامیی ئێران کۆدەبێتەوە.
 
 ئەمشەو 5ى کانوونى یەکەمى 2024، بەسام سەباخ، وەزیرى دەرەوەى سووریا بە سەردانێکى فەرمی گەیشتە عێراق بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا.
 
بەگوێرەى میدیاى فەرمى عێراق سبەى هەینى عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەگاتە بەغدا بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیە.
 
دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکردووە و تا ئێستا کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکانی حەلەب و حەمایان راگەیاندووە. 
 
پێشتر لە 1-11-2024، لەگەڵ ئاڵۆزبوونى دۆخى سووریا، وەزیرانى دەرەوەى عێراق و سووریا بە پەیوەندیی تەلەفۆنى ئەو دۆخەیان تاوتوێ کرد، هەمان رۆژ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران پەیوەندیی تەلەفۆنى لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران ئەنجامدا لەبارى مەترسییەکانى دۆخى سووریا لەسەر ناوچەکە.