رووداو دیجیتاڵ
بە نوسراوی سەرۆکی لیژنەی دارایی بڕگەی خوێندنەوەی دووەمی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان لابرا. ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت: دوای لادانی بڕگەکە پەرلەمانتارانی کورد دانیشتنەکەیان جێهێشت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمە دووەم جارە رێگری لە خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو بڕگەیە دەکرێت، سەرۆکی لیژنەی دارایی لەژێر فشاری هەندێک پەرلەمانتاری شیعە و سوننە بە بیانووی جیاواز بڕگەکەی لە بەرنامەی کار لادا و ئێمەش هەڵوێستمان وەرگرت و دانیشتنەکەمان بەجێهێشت و نەکرا."
بە گوتەی جەمال کۆچەر، "سەرۆکی لیژنە و ئەو پەرلەمانتارانەی لەو هەموارە ناڕازین بیانووەکەیان ئەوەیە؛ کە دەبێت وەزیری دارایی لە دانیشتنەکە ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم، لەکاتێکدا پێشتر تەیف سامی پێی گوتوون؛ ئەو هەموارکردنەوەیە کاری ئەو نییە و دەبێت پەرلەمانتاران و ئەندامانی لیژنەی دارایی پرسەکە یەکلایی بکەنەوە. ئێمە بۆ ئەو پرسە قسەمان لەگەڵ وەزیری نەوتیش کرد و رەزامەندی دا و گوتی کێشەمان لەگەڵ ئەو هەموارەدا نییە".
ئەو پەرلەمانتارە داوا دەکات، سەرجەم پەرلەمانتارە کوردەکان یەکبگرن و، "تاوەکو ئەو پرسە یەکلایی نەکرێتەوە، نەچنە هیچ دانیشتنێکی داهاتووی پەرلەمانەوە."
هەموارى مادەی 12ـی پڕۆژەیاساى بودجەی گشتیی، تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە، کە بڕى 16 دۆلار وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریدەکات، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاریى نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، پێویستە لەو ماوەیەدا هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
ئەو هەموارە بۆ چارەسەرى کێشەى نەدانى حەقدەستى کۆمپانیاکانى نەوتە، کە لەدواى پەسندکردنى یاساى بودجەى گشتى لە ساڵى 2023 تاوەکو ئێستا وەریانگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ