دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی دواخست

05-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ جاری سێیەم سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژە تیرۆری سلێمانیی بۆ مانگی داهاتوو دواخست، کە داوا دەکات دادگەکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت و سزاکانی سەری هەڵبوەشێنێتەوە. سەرچاوەیەکیش رایگەیاند، دادگە ژمارەیەک بەڵگەنامەی دیکەی لەبارەی دۆسیەکەوە پێگەیشتووە و دەیەوێت وردتر لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکەدا بکات.
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە 05-12-2023 تاوتوێی سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژە تیرۆری سلێمانی و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بکات، کە داوا دەکات دادگەکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت، کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 7ى ساڵى 2018 دیاریکراوە، جگە لەوەش سەرجەم ئەو سزایانەی لە دادگەکانی هەولێر لە دژی ئەو دەرچوون، هەڵبوەشێندرێنەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دادگەکە دوای ئەوەی لە ماوەی نێوان دواخستنی پێشوو و ئەمڕۆدا ژمارەیەک بەڵگەنامەی بەدەستگەیشت، بۆ ئەوەی دەرفەتی لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی زیاتری هەبێت، بڕیاردانی لەبارەی کەیسەکەوە بۆ رۆژی یەکشەممە 21ی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 دواخست.
 
دادگەکە 29ى تشرینى یەکەمی 2023 تاوتوێى ئەو سکاڵایەی کرد، کە وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆماری کردبوو، بەڵام سکاڵاکەی بۆ 13ی مانگی رابردوو دواخستبوو، دواتر بۆ ئەمڕۆ سێشەممە 05-12-2023 دوایخست.
 
یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە ساڵى 2006 لە پەرلەمان پەسند کرا. لە مادەى 18دا ئاماژە بەوە دراوە، بۆ ماوەى دوو ساڵ کار بە یاساکە دەکرێت لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی کوردستان.
 
لە ساڵى 2018 پەرلەمانی کوردستان یاساى کارپێکردن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرى دەرکرد، کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە کار بەو یاسایە دەکرێت؛ بەبێ ئەوەى ئاماژە بە وادەیەکى دیاریکراو بکات، کە تێیدا یاساکە کارا دەبێت، وەکو ئەوەى لە یاساکەى ساڵى 2006 هاتووە، کە بۆ ماوەى دوو ساڵ بووە.
 
7ى تشرینى یەکەمى 2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا و لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ى حوزەیرانى 2023، دادگەی تاوانی هەولێر، بە غیابی سزاى لەسێدارەدانى بۆ شەش کەس دەکرد، کە وەهاب هەڵەبجەیی یەکێکیان بوو.
 
پێشتر لە 12ى تشرینى یەکەمى 2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە، بەڵام دواتر دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی، راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رەتکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت