بەشێک لە گۆڕەکانی گۆڕستانێکی بەغدا بەهۆی دروستکردنی پردێکەوە دەگوازرێنەوە

06-12-2023
ئەنمار غازی
بەشێک لە گۆڕەکانی گۆڕستانی شێخ مەعرووف دەگوازرێنەوە
بەشێک لە گۆڕەکانی گۆڕستانی شێخ مەعرووف دەگوازرێنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە گۆڕستانی شێخ مەعرووف لە نێوەڕاستی بەغدا بە پانتایی 20 مەتر بەر پرۆژەیەک دەکەوێت کە دروستکردنی پردێکە بۆ کەمکردنەوە جەنجاڵی لە شەقامەکانی ئەو شارە، بڕیاریشە ئەو گۆڕانەی بەر پرۆژەکە دەکەون بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە. 
 
ئەبو حەسوون نازناوی محەممەد خزەیر مەرسوومییە، بە دڵگرانییەوە باسی گواستنەوەی ئەو گۆڕانە دەکات و دەڵێت، "30 گۆڕم لێرەیە، بۆ کوێیان ببەم؟ بە محەممەد شیاع سوودانی دەڵێم بە خودا و ئەو شیرەی لە ساوایی خواردوویەتییەوە، ئەگەر تۆ موسڵمانێکی راستەقینەی و ئەمانە بە برا و باوک و مام و برای خۆت بزانیت، سوێندت دەدەم بەو شیرەی خواردووەتەوە، بە خۆڵی عێراق و ئیسلام و شەهیدان ئەگەر برات شەهید بێت، مامت رازی دەبوو گۆڕەکەی لاببات و بیگوازێتەوە؟ باشە بۆ کێیان بگوازمەوە."
 
کەسوکاری مردووان کە سەردانی گۆڕی کەسوکاریان دەکەن، خەم و نیگەرانی بە تەواوی دایگرتوون، داوا لە حکومەت دەکەن شوێنی پرۆژە بگۆڕێت.
 
دایکی موهەند دلێمی، کەسوکاری یەکێک لە مردووانە گوتی، "دەیانەوێت پرد دروست بکەن، بەڵام بیر لە هەستی خەڵک ناکەنەوە، ئایا بیر لە دڵی دایک، دڵی باوک و برا ناکەنەوە، داوا دەکەن گۆڕەکان هەڵبکەنین و رووفاتەکان بگوازینەوە، ئەمانە لە دوونیا ئازار دراون، لە کۆتاییش هەر ئازاریان دەدەن."
 
هەرچی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە، باس لەوەدەکات شوێنی پرۆژەکە لە ژێر دیزاین و لێکۆڵینەوەیە بەپێی بنەما شەرعییەکان، هەموو روفاتەکان لەسەر ئەرکی وەزارەت و بە سەرپەرشتیی پیاوانی ئاینی دەگوازرێنەوە.
 
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەبارەی گواستنەوەی ئەو گۆڕانەوە رایگەیاند، "ئێستا ئێمە لە قۆناخی دیزانینن، تائێستا ئەو شوێنەمان دیاری نەکردووە کە لە گۆڕەستانەکە لادەبرێت، بەپێی توانا هەوڵدەدەین، کەمترین دینگە بۆ بەرزە پردەکە بەکاربهێنرێت، تاوەکو زیان بە هاووڵاتییان نەگات."
 
گۆڕستانی شێخ مەعرووف کەرخی، گۆڕستانێکی دێرینی بەغدایە، هەندێک لە گۆڕەکانی مێژووەکەیان بۆ 1200 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە.
 
دروستکردنی پردەکە بە درێژایی گۆڕستانەکە دەبێت و ئامانج لێی بەستنەوەی گۆڕەپانی تەڵائیعە بە ناوچەی مەنسوورەوە کە ئەمەش گوشاری هاتووچۆ کەمتر دەکاتەوە، بەڵام رەنگە پرۆژەکە بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە تا ئەوکاتەی دەسەڵاتدارانی حکومەت و خەڵکەکە رێکدەکەون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە