سوودانی داوا دەکات لە هەڵبژاردندا گوشار نەخرێتە سەر هێزە ئەمنی و سەربازییەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە، نابێت بە هیچ شێوەیەک لەلایەن فەرماندە و سەرکردە ئەمنی و سەربازییەکانەوە دەستوەردان لە بژارەکانی دەنگدانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بکرێت. دەشڵێت: "دەبێت هێزە ئەمنییەکان دوور لە هەموو گوشارێک دەنگبدەن."
 
رۆژی سێشەممە 05-12-2023 لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، "بۆ پاراستنی دروستیی پڕۆسەی دەنگدان و دوورخستنەوەی لە هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان داوای لە سەرجەم سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکان و سەرکردە و بەڕێوەبەرانی دەزگا ئەمنییەکان و فەرماندەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان کردووە، کار بکەن و پابەندبن بە دابینکردنی بژارەکانی دەنگدانی ئازادانە بۆ ئەندامان و جەنگاوەران لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە بژارەکانی دەنگدانیان نەکەن."
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیران داوای کرد، "هەر ئاماژە یان هێماکردنێک کە وا لێکبدرێتەوە ئاماژەی گوشاری دەنگدانە، قەدەخەیە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بەرزترین ئاستەکانی رێکخستن و بەدواداچوونیان هەبێت بەرامبەر هەر دۆخێک لە بژارەکانی دەنگدان یان پەیوەستکردنی بە لایەنی دەنگدانی ئەندامان کە روودەدات."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە رێنوێنییەکانیدا جەختی لەسەر گرنگیی دەنگی ئازادانەی دەنگدەران لە هێزە ئەمنییەکان و جەنگاوەران کردووە، چونکە ئەوان هاووڵاتییان و دەستوور و یاساکان ئازادیی بژارە سیاسییەکانیان دەپارێزرێت، وەکو چۆن پارێزگاری لە دژی هەر گوشارێک یان هەوڵدانێک بۆ کارکردنە سەریان بە پێچەوانەی ئارەزوو و بژارەکانیان بۆ دابیندەکات."
 
بڕیارە لە 18ى کانونى دووەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت، بەشی زۆری گرووپە چەکدارەکان بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، بەتایبەت گرووپەکانی حەشدی شەعبی.