لە میسان کەسێک بە لێدان و ئەشکەنجەدان خوشکەکەی دەکوژێت


رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی میسان کەسێکیان لەو پارێزگایە دەستگیرکرد کە بەهۆى "کێشەى خێزانییەوە" لە خوشکەکەى داوە تاوەکو گیانى لەدەستداوە، دواتر خوشک و زاواى تۆمەتبارەکە تەرمى کچەکەیان بردووەتە نەخۆشخانەیەک و بەجێیانهێشتووە. 
 
رۆژی 5ى کانوونى یەکەمی 2022، پۆلیسی میسان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، تاوانێکى "تەمومژاوی"یان ئاشکراکردووە کە بەهۆیەوە کچێک گیانى لەدەستداوە و تۆمەتبارانى رووداوەکەیان دەستگیر کردووە کە خوشک و برایەک و زاوایەکی قوربانییەکەن. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لە 13ى تشرینى دووەمى 2022، پۆلیس لە بوونى تەرمێکى نەناسراو ئاگادارکراوەتەوە لە یەکەى فریاگوزارى خێراى نەخۆشخانەى سەدر لە میسان کە شوێنی ئەشکەنجەدان بە جەستەیەوە دیار بووە؛ دواى لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە ئەو کچە لەلایەن برایەکییەوە کوژراوە و لەکاتى دەستگیرکردنیدا دانى بەوەداوە کە بەهۆى "کێشەى خێزانییەوە" لە خوشکەکەى داوە تاوەکو گیانى لەدەستداوە.
 
پۆلیسی میسان ئاماژەى بەوەش داوە، خوشکێکى تۆمەتبارەکە و هاوژینەکەى لەسەر هەمان تاوان دەستگیرکراون بەهۆى ئەوەى تەرمى کچەکەیان بردووەتە نەخۆشخانەکە و لەوێ بەجێیانهێشتووە، بەبێ ئەوەى لایەنە پەیوەندارەکان ئاگادار بکەنەوە تاوانەکەیان پەردەپۆش کردووە.
 
لە 6ى تشرینى دووەمى 2022، عەلى بەیاتى، ئەندامى پێشووى کۆمیسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ساڵانە زیاتر لە 150 ژن لە عێراق بەناوی "شەرەفەوە" دەکوژرێن.