ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان 7 بڕیاری پەسند کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 7 بڕیاری پەیوەست بە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەسند کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بەڕێوەچوو، ئەنجوومەنی وەزیران لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی تایبەت بە رێکارەکانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی، کە لە 20ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، 7 بڕیاری پەسند کرد.
 
ئەو 7 بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کردوون بریتین لە:
 
یەکەم: پابەندبوون بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی (73/ فیدراڵی/2010) تایبەت بە سەرژمێریی دانیشتووان.
 
دووەم: لە ناوچە کێشەلەسەرەکان تیمێکی هاوبەش لە هەرسێ نەتەوەی (عەرەب، کورد و تورکمان) کاری سەرژمێری دەکەن. کەسێکی کریستیانیش لە ناوچە زۆرینە کریستیاننشینەکان لە تیمەکە دەبێت.
 
سێیەم: دەستەی ئامار و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی عێراق، بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ، بەراوردی خشتەی داتای وەزارەتەکان لەگەڵ ئەنجامی سەرژمێری دەکەن لە:
 
- تۆماری وەزارەتی ناوخۆ، سەرژمێریی 1957 و نوێکردنەوەی.
- تۆماری وەزارەتی بازرگانی و داتای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران.
 
چوارەم: ئەنجامی سەرژمێریی گشتی و داتاکانی تایبەت بە سەرژمێری لەگەڵ تۆمارە هاتووەکان لە بڕگەی سێ بەراورد دەکرێن. ئەو کارە لە پسپۆڕیی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ و وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەگوێرەی رێککەوتنی هاوبەش. لیستێکی تایبەت بەو ناوچانە رێکدەخرێت کە ئەنجامەکەی بەراوردکردنی داتاکانی تێدایە. وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی و وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان هەریەکەکان کۆپییەکی ئەو تۆمارەیان لادەبێت.
 
پێنجەم: پابەندبوون بە رێکخستنی خشتەی سەرژمێری لەبارەی ژمارەی کۆچپێکراوان و ئاوارەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان و پارێزگاکانی دیکە بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکان.
 
شەشەم: تیمێکی تەکنیکیی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ژووری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری دەبێت، بۆ ئاگاداری و بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری و دڵنیابوون لە سەلامەتیی رێکارەکان بە شێوەیەکی هەمیشەیی، تاوەکو تەواوبوونی پرۆسەکە.
 
حەوتەم: پابەندبوونی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی عێراق، کە دەستبەجێ خولی راهێنانی چڕ بۆ سەرژمێرکاران بکاتەوە، وەکو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون لە 20ی تشرینی دووەمی 2024دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە