ئاسایشى نیشتمانیى عێراق: لە مانگێکدا 19 داعش دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیی عێراق رایگەیاند، لە مانگى رابردوودا 19 ئەندامى رێکخراوى تیرۆتیستیی داعش لە شەش پارێزگا دەستگیرکراون کە بەگوێرەى یاساى بنەبڕکردنى تیرۆر داواکراو بوون.
 
5ـی تشرینى دووەمی 2023، دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە لە مانگى تشرینى یەکەمی ئەم ساڵدا 19 داعش دەستگیرکراون. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو 19 داعشە لە پارێزگاکانى کەرکووک، نەینەوا، بەغدا، ئەنبار، سەڵاحەدین و دیالە دەستگیرکراون.
 
دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق، ئاماژەى بەوەشداوە، ئەو 19 داعشە بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى 4ـی یاساى بنەبڕکردنى تیرۆر داواکرابوون کە تایبەتە تێوەگلانی راستەوخۆ بە کارى تیرۆریستى یان بەشداریکردن تێیدا کە سزاکەى لەسێدارەدانە.
 
لەساڵى 2014 رێکخراوى داعش شارى موسڵ و چەند ناوچەیەکى سنوورى پارێزگاکانى سەڵاحەدین، دیالە، کەرکووک و ئەنبارى کۆنتڕۆڵکرد. ساڵى 2017 پێشمەرگە و سوپای عێراق، هەموو خاکی ژێر دەستی داعشیان کۆنترۆڵکردەوە و قەڵەمڕەوی ئەو رێکخراوە کۆتاییهات.