وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەغداوە: هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان دەگرینەبەر

05-11-2023
تەنیا ئەحمەد
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای چوار سەردانی فەرمی، فڕۆکەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەغدا نیشتەوە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. ئەو لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی، "ئەرێنی و بەرهەمدار بوو"، سەدریش داوای خۆپیشاندانی بەپەلە و 'سووتاندنی وێنەی بایدن و نەتەنیاهوو' دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە، 5-11-2023، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیێندراو گەیشتووەتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەلایەن سوودانییەوە پێشوازیی لێکراوە.
 
ئەندامە دیارەکانی شاندەکەی بلینکن بریتی بوون لە باربارا لیف، یاریدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک و ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا.
 
لە عێراقیش، فواد حوسێن، وەزیری دەرەوە و نەزار خەیروڵڵا، باڵیۆزی عێراق لە واشنتن بەشداربوون.
 
بلینکن، چەند رۆژێکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، ئەو هاتووە بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشى ناوچەکە و شەڕى نێوان سوپاى ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانى غەززە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق.
 
کۆبوونەوەکەی بلینکن لەگەڵ سوودانی یەک کاژێری خایاند، دواتر چووە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و لەبارەی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان زانیارییان پێدا.
 
دواتر گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغدا و لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا، بلینکن رایگەیاند،  "گفتوگۆیەکى ئەرێنى و راشکاوانەى لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، بلینکن سوپاسی پابەندیی ئیدارەکەی سوودانی کرد لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمریکا و گوتی، "من زۆر بە روونی گوتم ئەو هەڕەشە و هێرشانەی لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە دەکرێن، بەهیچ شێوەیەک قبووڵناکرێت. ئێمە هەموو هەنگاوێکی گرنگ دەنێین بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان. ئێمە بەدوای کێشەوە نین لەگەڵ ئێران. ئێمە زۆر روون بووین لەو بابەتە و هەرکارێک دەکەین کە پێویستبێت بۆ پاراستنی کارمەند و سەربازەکانمان، سەرۆکوەزیرانیش لەو پەیامە زۆر روونبوو."
 
لەبارەی کێشەکانی نێو غەززەوە بلینکن رایگەیاند، "ئێمە بەسەختیی کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کێشەکانی نێو غەززە تەشەنە نەسێنن و بە شوێنی دیکەدا بڵاونەبنەوە، چ لێرەبێت یان هەر شوێنێکی ئەم ناوچەیە. ئەمە کارێکی زۆر گرنگ و هەرە لەپێشە بۆ دیپلۆماسییەتی ئەمریکی، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە بە درێژایی ئەم گەشتە سەرقاڵی بووین."
 
هەروەک پێشتر، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی یەک وشەیی بۆ ئێران نارد و لەبارەی دەستوەردانەوە گوتی، "مەکەن"، بلینکنیش پەیامەکەی دووبارە کردەوە کاتێک گوتی، "زۆرگرنگبوو کە پەیامێکی زۆر روون بۆ هەر لایەنێک بنێرین کە دەیانەوێت ئەم کێشانە بقۆزنەوە و سوودمەندبن لێیان لە غەززە و هەڕەشە لە سەربازان و کارمەندانمان لێرە یان هەر شوێنێکی دی لە ناوچەکە بکەن. مەکەن."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەکەی بلینکن و سوودانی، راگەیێندراوێکی فەرمیی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیران گفتوگۆیان لەبارەی کێشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل و پێویستیی رێگرییکردن لە تەشەنەکردنی کێشەکان قسەیان کردووە. وەزیری دەرەوە باسی دۆخی مرۆیی نێو غەززەی کردووە، هەروەها پابەندیی بەردەوامی ئەمریکا لە هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق و هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا بۆ دەستەبەرکردنی ئاو، خۆراک، چاودێریی تەندروستی و هەر هاریکارییەکی دیکەی پێویستی گەنگەشە کردووە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند، "وەزیری دەرەوە داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن لە هێرشە بەردەوامەکانی سەر کارمەندانی ئەمریکا، هەروەها جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی عێراق بۆ پاراستنی هەموو ئەو دامەزراوانەی کە کارمەند و سەربازی ئەمریکی لەخۆدەگرن. وەزیری دەرەوە بە روونی رایگەیاند کە ئەمریکا پارێزگاریی لە کارمەندانی خۆی دەکات."
 
دوای ئەوەی هەواڵی هاتنی بلینکن بۆ عێراق پشتڕاستکرایەوە، ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا لە زمانى سەدرەوە داوای کردووە بە "خێرایی" بەرەو گۆڕەپانى تەحریر بەڕێبکەون بۆ سەرکۆنەکردنى "ئاشتییانەى"سەردانى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ عێراق.
 
وەزیرەکەى سەدر لە پەیامەکەیدا داوایکردووە، "وێنەى جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمەریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل بسووتێنن"، و جۆبایدنى بە "خەڵەفاو" و نەتەنیاهووى بە "بۆگەن" وەسفکردووە، کە بەپێى پەیامەکە ئەوان لە پشت هێرشکردنە سەر کەرتی غەززەى فەلەستینەوە بوون.
 
بلینکن لەدوای ئیسرائیل سەردانی ئوردنی کرد، پاشان گەڕایەوە کەرتی رۆژئاوا و لەگەڵ مەحموود عەباسی سەرۆکی فەلەستین کۆبووەوە و دواتریش گەشتی قوبرسی کرد و پاشان هاتە بەغدا، بەگوێرەی بەرپرسانی شاندەکەی، سەردانی داهاتووی بلینکن بۆ تورکیا دەبێت.

 

 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و دراوی عێراقی

سەرژمێری 100 کورسی بۆ پەرلەمانی عێراق زیاد دەکات و پشکى بودجەى کوردستان یەکلایی دەکاتەوە

ئەنجامى سەرژمێرى، پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان یەکلایی دەکاتەوە، کە دوو ساڵە بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان زیاتر چوار تریلیۆن دینار کەمتر نێردراوە. سەرژمێری زیاتر لە 100 کورسی بۆ پەرلەمانى عێراقیش زیاد دەکات و گۆڕانکارى لە کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش دەکات