بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیە: قەرەبوومان ناوێت، لێکۆڵینەوەیەکی روون بکەن

رووداو دیجیتاڵ

یەشوع ئەلیاس، تەمەنی 69 ساڵە، بریندارێکی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی نێو هۆڵەکەی حەمدانیەیە و نیگەرانە لەوەی لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پێویستی بۆ نەکراوە، بە تووڕەییەوە داوای لێکۆڵینەوەیەکی "شەفاف" دەکات لە رووداوەکە.
 
یەشوع لە رووداوەکەدا 25%ـی جەستەی سووتاوە و کوڕ، کچ و زاوایێکیشی لەدەستداوە. دەڵێت، "ئێمە پێویستمان بە قەرەبوو نییە، ماڵی من پێویستی بە پارە نییە، بەڵکو داوای مافی خۆمان دەکەین ئەویش ئاشکراکردنی تاوانبارە، داوای لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف دەکەین، من ئەمەم بە بەرپرسانیش گوتووە، تەنیا لێکۆڵینەوەیەکی روونمان دەوێت نەک کەسێکی بێتاوان بهێنن و ئەم تاوانەی بەسەردا ساخبکەنەوە."
 
تاوەکو ئێستا بەشێک لە بریندارانی قەزای حەمدانیە پێویستیان بە چاودێریی پزیشکیە، رەعد تۆمە کە پیشەی دووکاندارە و یەکێکە لەو بریندارانەی  72 کاژێر جارێک پێویستی بە پشکنینی پزیشکیە دۆخی تەندروستی تایبەتە، دوای 15 رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەر لە وڵاتی تورکیا ئێستا گەڕێندراوەتەوە، بەڵام هاوژینەکەی هێشتا لەوێیە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
 
رەعد دەڵێت، "من نەوەکەم لەو رووداوەدا گیانی لەدەستداوە و خێزانەکەشم ئێستا لە تورکیایە، رێژەی سووتانی 65%ـە، کەس سەردانی نەکردووین تەنیا ئەوە نەبێت کاتێک براین بۆ هەولێر حکومەت و دەزگای خێرخوازی بارزانی یارمەتیان داین."
 
کاژێر 10:30ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، بنمیچی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بەناوی هۆڵی هەیسەم گڕی گرت. بەوهۆیەوە شەش منداڵی شیرەخۆرە، 41 منداڵ و مێرمنداڵی خوار 18 ساڵ، 76 گەنج و نۆ کەسی بەتەمەن گیانیان لەدەستدا، بە کۆی گشتیی دەکاتە 132 کەس.
 
هاوکات، 175 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە 15یان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە تا ئێستاش لە تورکیا چارەسەر وەردەگرن.