دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

رووداو دیجیتاڵ

دانیشتنی دادگەی فیدراڵیی عێراق لە بارەی ئەو دوو سکاڵایەی لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، بۆ 19ـی ئەم مانگە دواخرا.
 
رۆژی یەکشەممە 05-11-2023 دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی دوو سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە. سکاڵاکان لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
 
لەبارەی ئەنجامی دانیشتنی دادگەی فیدراڵی، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، دانیشتنی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵاکە بۆ 19ـی 11 دواخرا.
 
ئەمە چەندین جارە دادگەی فیدراڵی عێراق لەبارەی ئەو دوو سکاڵایە کۆدەبێتەوە و بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکە دەدات.
 
سکاڵای یەکەم لەلایەن زیاد جەبار تۆمار کراوە و تێیدا سکاڵاکار داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە یەكێتی سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون، ئەمانەن:
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت، لە 30% کەمتر نەبێت.
سکاڵای دووەم لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعوونەوە تۆمار کراوە. لە سکاڵاکاندا داوا کراوە مادەی 36ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو بە نادەستووری بزانرێت، کە تایبەتە بە کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی "کلدان، ئاشوورییەکان، تورکمان و ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان." 
 
هەروەها داواکراوە مادەی 9ی هەمان یاسا بە نادەستووری بزانێت، کە "هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی هەڵبژاردن" دەزانێت و دابەش دەبێت بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن.
 
بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە بە سەرپەرشتى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت.