پەرلەمانتارێکی عێراق بۆ رووداو: کۆچی هەڕەمەکی کێشەی بۆ خوێندن لە کەربەلا دروستکردووە


رووداو دیجیتاڵ

زیا حەسناوی، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی عێراق کە نوێنەرایەتیی کەربەلا دەکات، رەخنە لە دۆخی پەروەردە و خوێندن پارێزگاکە دەگرێت و دەڵێت، بەهۆی کۆچی هەڕەمەکییەوە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە، لە دۆخێکی "کارەساتباردایە".
 
حەسناوی رۆژی شەممە، بە تەلەفۆن بە رووداوی گوت: "دۆخی خوێندن لە کەربەلا زۆر کارەساتبارە، باڵەخانەی قوتابخانەکان کراونەتە بەش بەش و لە هەر باڵەخانەیەکدا سێ قوتابخانە هەن، چونکە ژمارەی قوتابییان سەدان هەزارە."
 
ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی ئیمتیداد هاوکات بۆ رووداوی پشتڕاستکردەوە کە لە کەربەلا "تەنیا 500 باڵەخانەی قوتابخانە هەیە."
 
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵانە شارەکەی پێشوازی لە زیاتر لە 5 هەزار قوتابیی نوێی پارێزگاکانی دیکە دەکات.
 
حەسناوی بە رووداوی گوت: "پارێزگای کەربەلا پێویستی بە هەزار باڵەخانەی قوتابخانەی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو بەشی قوتابییان بکات."
 
زیا حەسناوی روونیشیکردەوە: "ئێمە دژی خوێندن نین، بەڵام تواناکانی پارێزگای کەربەلا سنووردارن."
 
بەپێی حەسناوی، لە ساڵی 2016، 88 "گەڕەکی زێدەڕۆ" لە کەربەلا هەبوون، کە مەبەست لێی ئەوانەن کە بێ رەزامەندیی و سەرپەرشتیی حکومەت دروستکراون، بەڵام لەم ساڵدا ژمارەیان گەیشتووەتە 122 گەڕەک "کە زۆربەی ماڵەکانیان لە لایەنی ئەمنییەوە وردبینییان بۆ نەکراوە،" و "هەر کەسێک لە پارێزگاکەی کێشەی هەبێت، دێتە کەربەلا بۆ ئەوەی لەو گەڕەکە زێدەڕۆیانە خۆی بشارێتەوە."
 
زیا حەسناوی دەپرسێت، لە کاتێکدا "لە کەربەلا 12 هەزار پۆلیسمان هەیە و گەنجترینیان تەمەنی 37 ساڵە، بەگوێرەی وەزارەتی پلاندانان بۆ هەر 123 هاووڵاتی، پۆلیسێک دادەنرێت، چۆن ئارامی دەپارێزرێت لە کاتێکدا نزیکەی 4 ملیۆن هاووڵاتیمان لە پارێزگاکەدا هەیە؟"
 
بە گوتەی حەسناوی، زاڵبوونی هێزە ئەمنییەکان بەسەر دۆخی ئەمنیی شارەکەیدا "لە ئاستی پێویستدا نییە،" گوتیشی "ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەری پێشینە نەزانراو لە پارێزگاکەدان."
 
زیا حەسناوی پێیوایە دەبێت 50 هەزار بۆ 60 هەزار پۆلیسی نوێ دابمەزرێندرێن بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش لەو پارێزگایەی نێوەڕاستی عێراق کە رووگەی شيعەکانی عێراق و جیهانە. 
 
حەسناوی جەختی کردەوە کە "ئەم کۆچکردنە بە مەبەستی ژیان و کارکردن نییە، بەڵکو هۆکاری سیاسیی لە پشتەوەیە، لە پێناو دەستگرتنە بەسەر بڕیارە سیاسییەکانی کەربەلادا."