153 فرۆشگە لە نەجەف سووتان: خاوەنەکانیان باسی لەدەستدانی ملیۆنان دۆلار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی شاری نەجەف، شەوێکی جیاوازیان لەنێو ئاگر و دووکەڵی سووتانی دەیان فرۆشگەی ناوچەی ئەکواسیتی بەڕێکرد. خاوەنانی فرۆشگەکان بە دڵێکی سووتاوەوە باسی لەدەستدانی ملیۆنان دۆلار دەکەن و بەرپرسیارێتییەکە دەخەنە ئەستۆی حکومەتی خۆجێیی و دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکە.
ئەمیر سوهەیل، خاوەنی فرۆشگەیەکی سووتاو دەڵێت، "دوێنێ کاژێر 11ی شەو فرۆشگەکانمان داخستن و رۆشتینە ماڵەوە. دوای نیو کاژێر، پەیوەندییان پێوەکردین و پێیان راگەیاندین ئاگر لە ئەکواسیتی کەوتووەتەوە. کە گەیشتینە ئەوێ، بینیمان فرۆشگەکانمان بەمشێوەیە سووتاون."
جەمال تەمیمی، خاوەنی فرۆشگەیەک و دەڵێت، "پارێزگار لە پێگەی خۆیەوە، چ پارێزگاری پێشوو بێت یان ئەوەی ئێستا، نووسراوێکی ئاراستەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ئەوەی سەلامەتیی گشتی ئەم ناوچەیە و ئەم پڕۆژەی وەبەرهێنانە نەگرێتەوە، ئەوەش بووە هۆی زیانگەیاندن بە گەنجان و کاسبکاران، ئەمە بەشێکی زۆر گرنگە، رووبەڕێک بە 5 هەزار مەتر چوارگۆشە کە پڕە لە فرۆشگە بەتەواوی سووتا و کەلوپەلەکانیان بەتەواوی لەدەستچوون."
رۆیشتین بۆ دەستەی وەبەرهێنان بۆ زانینی راستیی ئەم کۆمەڵگەیە و چۆن رێگە بە دروستکردنی دراوە وێڕای مەترسی و هۆشدارییەکان و بردنی پڕۆژەکە بۆ بەردەم دادگە لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی هەلومەرجی سەلامەتی کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لە ماوەی رابردوو بۆی دەرکرابوون.
زورغام کیکۆ، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نەجەف دەڵێت، "کاتێک کە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان گرتەدەست، رێکاری یاساییمان بەرامبەر وەبەرهێنەرەکە گرتنەبەر و هۆشداریمان پێدا. ئەم وەبەرهێنەرە لای پارێزگاری پێشوو سکاڵای لە هۆشدارییەکە کرد، پارێزگار پەیوەندیی بە فەرمانگەی بەرگریی مەدەنییەوە کرد بۆ ئەوەی رێگە بە بەکارهێنانی مادەی ساندویچ پانێڵ بدەن، بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانگەی بەرگریی مەدەنیش بە سوپاسەوە دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە و دوای کۆتاییهاتنی رێکارەکان، رەزامەندیی نەدا لەسەر شێوازی دروستکردنەکە".
50 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بەشدارییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کرد کە لە پێنج پارێزگاوە هاتبوون، هەروەها حکومەتی خۆجێیی نەجەف بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دروستبوونی رووداوەکە بکات.
ئەوەی کە مایەوە خۆڵەمێش و داروپەردوو و بۆنی دووکەڵە لە 153ی فرۆشگە و هۆڵی ئاهەنگ و شارێکی یاری.