ئاگرێک لە نەجەف دەکەوێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

شەوی رابردوو ئاگرێک لە نەجەف کەوتەوە. چەندین تیمی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنەکە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا. 
 
رۆژی شەممە، 5-11-2022، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاگرێکی گەورە لە ژمارەیەک شوێنی بازرگانی لە پارێزگای نەجەف کەوتەوە و زۆر بە خێرایی تەشەنەی کرد. 
 
ئاگرەکە بەشێوەیەک گەورە بووە کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە پارێزگاکانی بابل، دیوانییە و کەربەلاوە بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنەوەی کردووە. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە کوژایەوە، بێ ئەوەی زیانی گیانی تۆمارکرابێت. ئەمە پێنجەم جارە لەو شوێنە ئاگر دەکەوێتەوە. 
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 13 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە.
 
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی عێراق دەڵێت: "47٪ی هۆکاری رووداوەکانی ئاگرتنەوەکان شۆرتی کارەبایە".