ئەنتۆنی بلینکن: خۆشحاڵم حکومەتی نوێ پشتیوانی لە باشترکردنی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات

05-11-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕێت کە حکومەتی نوێی عێراق پشتیوانی لە باشترکردنی پەیوەندیی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوە بە گوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق. 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی هەینی، 4ی تشرینی دووەمی 2022، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشتووە. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پیرۆزبایی لە لەتیف رەشید کردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆمار و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە بە شێوازی ئاشتییانە و دیموکراسییانە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت بەڕێوەچوو و ئەو حکومەتەش کار بۆ بەدیهێنانی هەموو ئەو ئامانجانە دەکات کە پاڵپشتی لە چەسپاندنی ئاسایش لە عێراق دەکەن. هەروەها ئەو حکومەتە پاڵپشتی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری و باشترکردنی پەیوەندیی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی عێراقە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە".
 
لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا، سەرۆککۆمار و ئەنتۆنی بلینکن "جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی هاوپەیمانیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکەدا، هاوکات وەزیر بلینکن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ خەڵکی عێراق دووپاتکردەوە".
 
هەر لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا، سەرۆککۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی باڵای تایبەت بە کەشوهەوا کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە لە میسر دەستپێبکات و لەتیف رەشیدیش ئاماژەی بە ژمارەیەک لەو کێشە ژینگەییانە کرد عێراق بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە