رووداو دیجیتاڵ
رەوتێکی سیاسیی کوردی فەیلی بە ناوی "رەوتی نیشتمانیی کوردی فەیلی" راگەیێندرا کە لەلایەن مونیر حەدادەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت.
ئەمڕۆ (شەممە، 05-10-2024) مونیر حەداد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، "کوردی فەیلی ستەم دیدەیە و نادیدەگیراوە. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان خاوەنی بەڵێنەکانی خۆیان نەبوون بەرامبەر کوردی فەیلی."
مونیر حەداد گوتی، زیاتر لە یەک ملیۆن کوردی فەیلی لە عێراق هەن و "زۆر سەرکردەی سیاسیی عێراق، وەزیر، پەرلەمانتار و بەرپرسی عێراقی کوردی فەیلین."
مونیر حەداد رایگەیاند، "کوردى فەیلی لە دواى ئازادکردنى عێراق لە ساڵی 2003 رووبەڕووى پەراوێزخستن بوونەتەوە. سەرکردەمان لە پارتە کوردى، شیعی، لیبراڵى و چەپەکاندا هەن، بەڵام زۆر لە مافەکانمان بەدەستنەهاتوون."
دەسەڵاتى بەعس لەدواى ساڵى 1980 ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیانی کوردی فەیلی لە شوێنی خۆیان دەرکرد و دەستى بە سەر موڵک و ماڵیاندا گرت، ژمارەیەکیشیانی لەسێدارەدا.
بەگوتەی مونیر حەداد، "گرووپێکى دیاریکراو هەژموونى دۆزى کوردى فەیلییان کردووە، کە نوێنەرایەتى کوردانى فەیلی ناکەن."
حەداد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیێندراوی دامەزراندنی رەوتەکەی خوێندەوە کە "وەک رێکخراوێکی سیاسی، ئامانجەکەی بریتییە لە یەکخستن و سەربەخۆیی گوتار و بڕیاری سیاسیی فەیلی."
لە راگەیێندراوی ئەو رەوتە نوێیەدا هاتووە، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە 9ـی مانگی چواری 2003 و دامەزراندنی سیستمێکی دەستووری و فرەیی، کوردی فەیلی گەشبین بوون بەوەی مافەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام وا دەرنەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ