بەڕێوەبەری کارەبای رومادی و تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی سەر بە پارێزگای ئەنبار بە رووداوی راگەیاند، بەرپرسی کارەبای رومادی و تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی کوژراون. 

رۆژی شەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2024، عیسام خەمیس، بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی سەر بە قەزای هیتی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، فیراس عوبەیدی، بەڕێوەبەری کارەبای رومادی و تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی لەنێو ماڵی خۆیان لە گەڕەکی فرێحە لە شاری رومادی بە کوژراوی دۆزراونەتەوە. 
 
بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی باسی لەوەکرد، تەرمی فیراس عوبەیدی، هاوژینەکەی، دوو کچ و کوڕێکیان لەنێو خانووەکە دۆزراونەتەوە.
 
عیسام خەمیس گوتی، هێزەکانی پۆلیس لە لایەن دراوسێکانی ئەو خێزانەوە ئاگادار کراونەتەوە و ئەوانیش چوونەتە شوێنەکە و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە. 
 
ناحیەی بەغدادی لە دووری 45کم لە رۆژئاوای قەزای هیت و 35کم لە رۆژئاوای قەزای حەدیسەیە.