گۆڕانی کەشوهەوا لە نەجەف هەزاران خێزان ناچار بە کۆچکردن دەکات


رووداو-هەولێر

گۆڕانی کەشوهەوا و بەبیابانبوون بەهۆی کەمبوونی سەرچاوەکانی ئاو لە شارۆچکە و شارەدێیەکانی پارێزگای نەجەف کە 160 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەغداوە دوورە، هەزاران خێزانی نیشتەجێبووی گوندەواری پارێزگاکەی ناچار بە کۆچکردن بۆ ناوچەکانی دیکە کردووە.
 
ئەوانەی کە لە نەجەفەوە کۆچ دەکەن، زیاتر ئەو خێزانانەن کە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەخێوکردنی گامێش بژێویی ژیانی خۆیان دابین دەکەن.
 
بیابان و بەبیابانبوون
 
حەیدەر فلەیح حەدراوی، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕانەکانی کەشوهەوا و بەبیابانبوون لە بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی نەجەف ئەمڕۆ چوارشەممە، 5/10/2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆربەی رووبەری پارێزگای نەجەف یان بیابانە یان لە ژێر هەڕەشەی بەبیابانبوونە".
 
گوتیشی: "هۆکاری ئەم سرووشتەی نەجەف بیابانی پارێزگاکەیە کە دوو لەسەر سێی بیابانە و پارێزگاکانی موسەننا و ئەنبار پێکەوە دەبەستێتەوە".
 
کەمبوونی ئاو
 
حەیدەر حەدراوی ئاماژەی بەوەش کرد کە زەوییە کشتوکاڵییەکانی نەجەف زیاتر ئەو زەوییانەن کە نزیکن لە رووباری فوراتەوە. رووبارەکەش کە دەگاتە نەجەف دەبێتە دوو لقەوە، یەکەمیان رووباری هندییەیە و دووەمیان رووباری حللـەیە کە دواتر لە کوفە یەکتر دەگرنەوە. دەشڵێت: "بەهۆی کەمبوونی ئاو و گۆڕینی بەشێکی زەوییە کشتوکاڵییەکانی نەجەف بۆ شوێنی نیشتەجێبوون؛ خێزانەکان تەنانەت زەوییە کشتوکاڵییەکانیش بەجێدەهێڵن".
 
کۆچکردنی دوو هەزار خێزان
 
بەڕێوەبەری بەشی گۆڕانەکانی کەشوهەوا لە ژینگەی نەجەف دەڵێت: "تەنیا لە شارەدێیەکانی عەباسی و حوڕییە لە نەجەف نزیکەی دوو هەزار خێزان کە زیاتر پشتیان بە چاندنی برنج و بەخێوکردنی گامێش دەبەست، کۆچیان کردووە، چونکە کارەکەیان بەندە بە هەبوونی ئاوی زۆر".
 
هۆکارەکانی بەبیابانبوون
 
حەیدەر فلەیح حەدراوی هۆکارەکانی بەبیابانبوونی نەجەف دەژمێرێت و دەڵێت: "نەجەف بارانی کەمە و ساڵانە کەمتر لە 250 ملم بارانی لێ دەبارێت. هۆکارێکی دیکە کەمبوونی رووبەری سەوزاییە لە پارێزگاکە لەگەڵ کەمبوونی ئاوی رووباری فورات، لەپاڵ ئەمانە بەرزبوونی ئاستی ئاوی سوێر هۆکارێکی دیکەی بەبیابانبوونە".
 
بەبیابانبوونی نەجەف بە ژمارە
 
حەیدەر فلەیح حەدراوی بە ژمارە باسی دۆخی خراپی نەجەف دەکات و دەڵێت: "رووبەری بیابانی نەجەف دەگاتە 10 ملیۆن و 443 هەزار و 117 دۆنم، کەچی رووبەری کشتوکاڵیمان دەگاتە 287 هەزار و 770 دۆنم، بەڵام رووبەری دارستانەکانی نەجەف دەگاتە 950 دۆنم. هاوکات 34 هەزار دۆنم باخ و 33 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیمان لە نەجەف هەیە کە بە بیر ئاودەدرێن".
 
ئەو بەرپرسەی نەجەف ژمارەی زیاتر ئاشکرا دەکات و دەشڵێت: "رووبەری لەوەڕی سرووشتی لە نەجەف دەگاتە دوو هەزار دۆنم، بەڵام 210 هەزار دۆنم زەویمان هەیە کە هەڕەشەی بەبیابانبوونیان لەسەرە".