عێراق بڕیاریدا سیستمى کارەباى وزەى خۆر بخاتە خانووەکانەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى عێراق بڕیاریدا سیستمى وزەى خۆر بۆ خانووەکان لە عێراق زیاد بکرێت، بە مەبەستى کەمکردنەوەى گوشار لەسەر تۆڕى کارەباى نیشتمانى.
5ى ئەیلوول، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکایەتى کۆبوونەوەیەکى تایبەتى کرد بۆ باشکردنى دۆخى کارەبا کە زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەبا و چەند بەرپرسێکى دیکەى ئەو کەرتە بەشدار بوون.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا پلانێک پەسند کراوە بۆ ئەوەى سیستمى کارەبا لە رێگەى وزەى خۆر بخرێتە نێو خانووەکان بە ئامانجى ئەوەى گوشار لەسەر تۆڕى نیشتمانی کارەبا کەمبکرێتەوە.
دانانى ئەو سیستمە لە رێگەى پانێڵەوە دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى وزەی خۆر. سوودانی لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاریداوە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بەناوبانگەکان بکەن بۆ دابینکردنى ئەو سیستمە.
ئێستا عێراق نزیکەى 20 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا پێویستیان بە زیاتر لە 48 هەزار مێگاواتە.
2ى تەممووز دەستەى وەبەرهێنانى عێراق یەکەم مۆڵەتى وەبەرهێنانى دایە کۆمپانیاى تۆتاڵ ئینێرجى فەرەنسى بۆ ئەوەى کارەبا لە رێگەى خۆرەوە بەرهەمبهێنێت کە لە کێڵگەى نەوتى ئەرتاوى بەسرە دەبێت و هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.