عێراق گرێبەستى کڕینى هێلیکۆپتەرێکى جەنگیی فەرەنسى واژۆ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى بەرگریى عێراق گرێبەستێکى لەگەڵ کۆمپانیاى ئێبربەسی فەرەنسى واژۆ کرد، بۆ کڕینى هێلیکۆپتەرى جەنگى جۆرى کاراکاڵ. وەزیرى بەرگریى دەڵێت: "ئەو هێلیکۆپتەرە زۆر بەتوانایە و لە جەنگى داعش تاقیکراوەتەوە".
 
رێورەسمى واژۆکردنى گرێبەستەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ى ئەیلوول لە بەغدا بەڕێوەچوو. سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق و پاتریک دۆرێڵ، باڵیۆزى فەرەنسا ئامادەى بوون.    
 
کاراکاڵ H225M ئەو هێلیکۆپتەرەیە کە عێراق گرێبەستى کڕینى وژاۆ کرد. دوو بزوێنەر و پێنج پەروانەى هەیە. تواناى فڕینى بۆ زیاتر لە 800 میلى هەیە، هێلیکۆپتەرێکی پاڵپشتییە بۆ ئۆپەراسیۆنى تایبەت و گواستنەوە و چاودێری، دەتوانرێت مووشەکیش بۆ بۆردومان هەڵبگرێت.  
 
سابت عەباسى، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتى: "کاراکاڵ هێلیکۆپتەرێکی زۆر بەتوانایە و فەرماندە سەربازییەکانى عێراق پێى  ئاشنان، بەوپێیەى سوپاى فەرەنسا لە شەڕى داعش تاقیکردووەتەوە".
 

لە مانگى ئەیلوولى 2023، هەندێک لە میدیاى فەرەسا بڵاویان کردەوە کە عێراق بە فەرمى داواى کڕینى 12 هێلیکۆپتەری کاراکاڵى پێشکێش بە کۆمپانیاى ئێربەس کردووە.
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەر لە جەنگى کەنداو، عێراق هێلیکۆپتەرى جۆرى کاراکاڵى هەبووە، بەڵام وەک ئەمەى ئێستا پێشکەوتوو نەبووە.
 
سەگڤان سندى ئاماژەى بەوەشدا، 12 هێلیکۆپتەرەکە بەیەک کاروان بە عێراق نافرۆشرێت و ساڵانە دوو بۆ سێ فڕۆکەى پێدەدرێت، بەو مەرجەى لە بەرژەوەندى دەوڵەتى عێراق بەکار بهێنرێت.