ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: هەردوو لایەنە ناکۆکەکەی ئەنجوومەن کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەردوو لایەنە ناکۆکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆدەبنەوە. 
 
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە، 05-09-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە رۆژی شەممە یان یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، هەردوو فراکسیۆنی نەینەوای ئایندە و نەینەوای یەکگرتوو کۆببنەوە".
 
بێ بەشداریی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد.
 
دوای ئەو گۆڕانکاریانە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوو. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و لەدوای گۆڕانکارییەکانەوە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەساردووە. بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
 
بە گوتەی شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، کە ئەندامی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتووە، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردن و چارەسەرکردنی کێشەی ئەنجوومەنە، کە لە دوای دوورخستنەوە و دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان هاتووەتە ئاراوە.  
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، سەرکردە سیاسییەکان لە بەغدا جۆرێک رێککەوتنیان کردووە و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاش دەستپێشخەرییەکی راگەیاندووە، بۆ ئەوەی هەردوو لایەنە کۆببنەوە، گرفتەکان چارەسەر بکەن و کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە بەشداری هەردوو فراکسیۆن دەستپێبکاتەوە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و کوردی شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.