داوا لە وەزارەتی دارایی دەکرێت دەست بەسەر دوو موڵکی برای سکرتێرەکەی سەدام حوسێندا بگرێت

دوێنێ کاژێر 06:00
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی گێڕانەوەی پارەکانی عێراق رایگەیاند، دوو موڵکیان ئاشکراکردووە، کە بەناوی برای سکرتێری سەدام حوسێن، سەرۆکی رژێمی بەعسی عێراقەوە تۆمارکراون و داوایان لە وەزارەتی دارایی کردووە دەستیان بەسەردا بگرێت.
 
ئەیمەن داود، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی گێڕانەوەی پارەکانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "سندووقەکەمان نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی کردووە بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی دوو خانووبەرە کە بەناوی میزەر حەمید مەحموود برای عەبدولحەمید مەحموود، سکرتێری سەرۆکی پێشووی رژێمی رووخاوە."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە: "رێکارەکانی پشکنین و وردبینی و لێکۆڵینەوە دەریخستووە موڵکایەتیی ئەو دوو خانووبەرەیە کە دەکەونە سنووری دۆرەی سەر بە پارێزگای بەغدا گواستراونەتەوە و فرۆشراون، سەرباری ئەوەی یاسای دەستبەسەرداگرتنی سامانی گواستراوە و نەگواستراوەی ژمارە 72ـی ساڵی 2017 دەڵێت نابێت مامەڵە بەو خانووبەرانەوە بکرێت کە بەپێی حوکمەکانی بڕیاری 76 و 88ـی کارپێنەکراو دەستیان بەسەرداگیراوە و دەگەڕێنەوە بۆ پێش ئەو مامەڵەکردنانە."
 
هەروەها بەرپرسی سندووقەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە :"ئەو کەسەی دوو خانووبەرەکەی بەناوەوەیە حوکمەکانی بڕگەی دووەمی مادەی 1ـی یاساکە دەیگرێتەوە، وەکو ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونە یاسایی و ئابوورییەکانی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری جەختی لەسەر کردووەتەوە."
 
عەبد حەمید مەحموود، کە بە عەبد حەموود دەناسرێت، پلەی فەریقی یەکەمی هەبوو و بەرپرسی پاسەوانەکانی تایبەت و سکرتێری سەدام حوسێن بوو، بە یەکێک لە "متمانەپێکراوترین" کەسە نزیکەکانی سەدام حوسێن هەژماردەکرا، لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2010 سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، 7ـی حوزەیرانی 2012 لەسێدارە درا.
 
سندووقی گێڕانەوەی پارەکانی عێراق بەپێی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2012 دامەزراوە، کارەکانی بریتییە لە گیڕانەوەی ئەو پارانەی پێشتر لە عێراق براون و بە ناڕەوا دەستیان بەسەردا گیراوە، زیاتر پارەکانی حکومەتی بەعس دەگرێتەوە.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە