رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دۆسیەی "گوێگرتن لە پەیوەندیی تەلەفۆنی"ـی بەشێک لە بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رایگەیاند، پشتیوانیی دادگە دەکات لە لێکۆڵینەوەکانی لەو دۆسیەیەدا و لەگەڵ سزادانی ئەو کەسانەیە، کە تێوەگلاون.
چوارشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2024، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە، دۆسیەی "گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بەشێک لە بەرپرسانی عێراق"، یەکێک بوو لەو دۆسیانەی تاوتوێی کرد.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە کە لە ماڵی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا کرا "سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە گوێیان لە راپۆرتێکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گرتووە لەبارەی ئەو قسانەی دەکرێن، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی هەندێک لە بەرپرسانی نووسینگەکەی. سوودانی جەختی لە لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کردەوە کە تێوەگلانی بسەلمێندرێت." هەروەها پشتیوانیی خۆیشی بۆ دادگە لە لێکۆڵینەوە و رێککارەکانی دووپاتکردووەتەوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە، کە دەگوترێت ئەو دۆسیەیە ناکۆکیی خستووەتە نێوان سەرکردەکانی، رایگەیاندووە "پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکەین، کە دەسەڵاتی دادوەری لەو چوارچێوەیەدا دەیدات''، هەروەها جەخت لە پشتیوانیی هەوڵەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان دەکاتەوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات لە بڵاوکردنەوە ورد و ئاگاداربن و چاوەڕوانی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە بکەن و گوێ بە پڕوپاگەندەکان نەدەن.
مانگی رابردوو، دۆسیەی گوێگرتن لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی ژمارەیەک بەرپرسی عێراق لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری ورووژێندرا، دواتریش دەستگیرکردنی بەشێک لە ئەندامانی تۆڕەکە راگەیێندرا.
ئەوانەی گوێیان لێگیراوە نزیکەی 30 بەرپرسن. دۆسیەکە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی تایبەت بە تاوانەکانی تیرۆرە. لە لێکۆڵینەوەکاندا محەممەد جوحی، برازای "رائید جوحی"، بەڕێوەبەری نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و، ناوی ژمارەیەک کەسی دیکەشی داوە کە گوایە تێوەگلاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ