لێشاوی زیارەتکاران سوودی بە کاسبکارانی قەسری شیرین نەگەیاندووە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەو رێگایانەی بەرەو قەسری شیرین دەچن، قەرەباڵخن. لەم ماوەیەدا رۆژانە هەزاران کەس لە دەروازەی سنووری خوسرەوییەوە، بۆ زیارەت دەچن بۆ عێراق. هەزاران گەشتیاری ئایینی واتە هەلیکی گونجاو و لەبار بۆ بوژانەوەی ئابووریی شارێکی بچووکی وەک قەسری شیرین، بەڵام بازاڕییەکانی ئەو شارە دەڵێن، لەم دەرفەتە دەسکەوتیان نییە، چونکە رێگە نادرێت زیارەتکاران بچنە نێو شار.
 
نەوید، خاوەنی رێستۆرانتە و دەڵێت، "هەموو کاسبکارەکان قەسری شیرین دڵخۆشییان ئەوە بوو، خەڵک بێن بەرەو قەسری شیرین، پێشوازی بکەن، شتومک و کەلوپەل بکڕن، ئێمەش داهاتێکمان هەبێت، بەڵام بە داخەوە بەرپرسان رێگەیان نەدا. قەسری شیرین کەسابەتی پێویستە، خەڵک بێن شتومک بکڕن، خەڵک لە کوێوە بێن کاتێک ئێوە دەروازەکەتان داخستووە، پار دوو هەزار کەس هاتن، قەسری شیرین قەرەباڵخ بوو، ئەمساڵ پێنج هەزار هاتووە، کەچی قەسری شیرین کشوماتە. هەموو ئەو کەسانەی کەلوپەلیان بۆ فرۆشتنەوە کڕیبوو، لەسەر دەستیان ماوەتەوە. من تەنیا خۆم 12 کرێکارم بۆ ئەربەعین گرت، رێستۆرانتەکانی دیکە کرێکاری زیاتریشیان گرت."
 
حکومەتی ئێران ئاسانکاری زۆر بۆ زیارەتکارەکان دەکات، بۆ ئەوەی گەشتەکەیان تێچوویەکی زۆر کەمی تێبچێت، بۆ ئەوەی خەڵکێکی زیاتر هان بدرێن، بۆ زیارەت بچن. چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، بۆ حکومەتی ئێران بابەتێکی سیاسیی ئایدیۆلۆژییە.
 
سەدان مەوکب لەسەر رێگەی زیارەتکارەکان جێگیر بوون کە خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەکەن. لە سنوورەکان باجیان لێوەرناگیرێت. ئاسانکارییەکان بە قازانجی زیارەتکاران، بەڵام بە زیانی ئەو شارانەیە پێیاندا گوزەر دەکەن.
 
شاری قەسری شیرین شارێکی سنووری و ئابوورییەکی لاوازی هەیە. لەم ساڵانەدا زۆر کەس بە ناچار سووتەمەنی، بەتایبەت بەنزین، بە قاچاخ دەفرۆشن. کە ئەمەش کارێکی مەترسیدار، ماوەیەک لەمەوبەر دەبەکانی بەنزین لە سنووری پەروێزخان سووتان و بەهۆیەوە بارهەڵگرێک سووتا، هەرچەندە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام پێشتر کەسانێک هەبوون بەهۆی سووتانی سوتەمەنییەکەیانەوە، گیانیان لەدەستداوە.
 
خەڵکی قەسری شیرین بەرپرسان بە هۆکاری دۆخی خراپی ئابووریی شارەکەیان دەزانن و دەڵێن، کاری پێویستیان بۆ نەکردوون.
 
دەروازەی سنووریی قەسری شیرین دەیتوانی دەرفەتێکی سەرەکی بۆ باشتربوونی دۆخی ئابووری شاری قەسری شیرین بێت، شارێک کە هێشتا لەژێر کاریگەریی شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراق دایە، بەڵام جارێ سوودێکی ئەوتۆی بۆی نەبووە، تەنانەت لە قەرەباڵخترین رۆژەکانیشیدا.