توڕبە، لە خاکی کەربەلاوە بۆ سەر بەرماڵی هەموو شیعەمەزهەبێک لە جیهان

رووداو دیجیتاڵ

مەزاری ئیمام حوسێنی کوڕی ئیمام عەلی لە کەربەلا، بە پیرۆزترین شوێنی شیعەمەزهەبەکان دادەنرێت، ئەوان خۆڵ، بەرد، دیوار و درووشمەکانی نێو ئەم مەزارەش  بەپیرۆز دەزانن، ئەوەش کە هەموو شیعەمەزهەبێکی جیهان کۆدەکاتەوە، بوونی توڕبەیەکە لە کەربەلاوە لەسەر بەرماڵەکانیان.
 
توڕبە، پارچە قوڕێکی وشکراوە کە لە خۆڵی کەربەلا دروست دەکرێت، شیعەمەزهەبەکان لە کاتی نوێژکردندا دەیخەنە ژێر نیوچەوانیان و کە سوژدە دەبەن، نەوچەوانیان دەخەنە سەری.
 
سەباح کازم، پێشنوێژ و گوتارخوێن لە کەربەلا لەبارەی بیروباوەڕی شیعەمەزهەبەکان سەبارەت بە توڕبە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پێغەمبەر (د.خ.) مشتێک خۆڵی لە زەویی ژێر پێی ئیمام حوسێن لە کەربەلا هەڵگرت و دایە دەستی دایکی سەلمای هاوژینی و، پێی گوت 'ئەگەر بینیت رەنگی ئەم خۆڵە سوور بوو، بزانە حوسێن لە کەربەلا کوژراوە' لەو روانگەیەوە ئەوەی کە خۆڵەکە خوێنی حوسێنی بەسەرەوەیە، بە پیرۆزی دەزانین و نوێژی لەسەر دەکەین."
 
زیارەتکاری زۆر بۆ بەدەستهێنانی پارچەیەک پەڕۆ (موتفەڕک)، بەرد یان کەمێک خۆڵی نێو مەرقەدی هەردوو ئیمام حوسێن و عەباسی برای، چەندین رۆژ دەمێننەوە و هەندێک جار بەدەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە.
 
لە کەربەلا توڕبە بازاڕێکی گەرمی هەیە، هەمووان دەیکڕن و وەکو دیارییەکی بەنرخ لەگەڵ خۆیاندا دەیبەنەوە، هیچ نوژێکیش بەبێ توڕبە ناکەن.
 
رەزا مەهدی، خەڵکی تونسە و دەڵێت "ئەم توڕبەیە لە خاکی کەربەلا دروستکراوە. ئێمە بەردەوام خوا دەپەرستین، بەڵام حوسێن و ئەهلی بەیت پێشڕەوی ئێمەن. من، توڕبەی زۆرم لە نەجەف کڕی، بەڵام حەزمکرد دووبارە لێرەش (لە کەربەلا) بیکڕم و بۆ هاوڕێکانم بیبەم لەبەرئەوەی ئەوان دەستیان بە ئێرە ناگات و داوایان کردووە تەسبیح و توڕبەیان بۆ ببمەوە."
 
ساڵانە لە کەربەلا و نەجەف نزیکەی، 60 ملیۆن توڕبە دەفرۆشرێت و نرخی یەک دانەی لە هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و دەگاتە شەش هەزار دینار.
 
مستەفا فارس دووکاندارێکە لە کەربەلا و، دەڵێ "هەر زیارەتکارێک کە دێتە نێو عێراق بەتایبەتی بۆ کەربەلا، دەبێت توڕبە بکرێت و هیچ مەجالی تێدا نییە، چونکە بەلایانەوە زۆر پیرۆزە، چ بۆ خۆیان یان بۆ دیاری، لە هەموو جیهانەوە دەیکڕن، لە ئەمریکا تاوەکو نزیکترین ناوچەی کەربەلا توڕبە دەکڕن."
 
توڕبە لە هەندێک خانووی نێو کەربەلا دروستدەکرێت، خۆڵی ئەو شوێنە کۆدەکرێتەوە کە ئیمام حوسێنی تێدا کوژراوە و دەکرێتە قوڕ، دواتر لە نێو قاڵبدا  دادەنرێت و ناوی ئیمام حوسێنی لەسەر دەنووسرێت.