دەستپاکیى عێراق: بەڕێوەبەرى ئاسایشى نیشتمانى لە میسان 7500 دۆلار بەرتیلی وەرگرتووە

05-09-2022
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرى ئاسایشى نیشتمانیى پارێزگاى میسان بە تۆمەتى وەرگرتنى 7500 دۆلار بەرتیل دەستگیر کراوە، بەرامبەر بە رادەستکردنى ئۆتۆمبێلێکى جۆرى پیکاپ کە لەو بەڕێوەبەرایەتییە دەستى بەسەردا گیرابوو.
 
رۆژی 5ى ئەیلوولى 2022 دەستەی دەستپاکیی عێراق راگەیێندراوێکى لەبارەى دەستگیرکردنى بەڕێوەبەرى ئاسایشى نیشتمانى لە میسان بڵاوکردەوە، کە ئەمڕۆ دیمەنى دەستگیرکردنى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاوکرایەوە.
 
دەستەى دەستپاکى ئاشکرای دەکات، بەڕێوەبەرى ئاسایشى نیشتمانى لە میسان لەگەڵ کەسوکارى تۆمەتبارێک رێککەوتووە، کە لەو بەڕێوەبەرایەتییە دەستگیرکراوە، بۆئەوەى لە بەرامبەر بڕێک پارەدا ئۆتۆمبێلێکى جۆرى پیکاپ-یان رادەست بکاتەوە، کە لە بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى نیشتمانى لە میسان دەستی بەسەردا گیراوە.
 
بەڕێوەبەرى ئاسایشى نیشتمانى لە میسان، وەکو دەستەى دەستپاکیى عێراق دەڵێت، بڕى 7500 دۆلارى وەرگرتووە بەرامبەر بەوەى ئەو ئۆتۆمبێلە رادەستى کەسێک بکات، کە هەواڵى لێداوە.
 
دەستپاکیی عێراق ئاشکرای کردووە، ئەو تۆمەتبارە بەگوێرەى ماددەى 307ى یاسای سزادانى عێراق بە فەرمانى دادوەر بەند کراوە.
 
بەگوێرەى ماددەى 307ى یاسای سزادانى عێراقى، هەر فەرمانبەرێکى دەوڵەت پۆست و ئەرکەکەى بۆ بەدەستهێنانى پارە و سوودى کەسی بەکاربهێنێت، سزاکەى بەندکردنە، کە لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵ پێبژاردنێک کە کەمتر نەبێت لەو بڕە پارەیەى کە لێى سوودمەند بووە.
 
ئەمڕۆ دیمەنى دەستگیرکردنى بەڕێوەبەرى ئاسایشى نیشتمانیى میسان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کاتێک چەند کارمەندێکى ئەمنى چوونە نێو بارەگاى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و بەڕێوەبەرەکەى لە ژوورى خۆى دەستگیر دەکەن و بڕێک پارە لەنێو یەکێک لە چەکمەجەکانى مێزەکەیدا دەردەهێنن.
 
5ى ئەیلوولى 2022 دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق لەبارەى دەستگیرکردنى ئەو بەرپرسە راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا سەرەڕاى ئەوەى جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەستن بەوەى ئەو کارمەندانەى دەزگاکەیان کە لادان دەکەن، راپێچى لیکۆڵینەوە بکرێن، بەڵام دەڵێت، "پێشێلکاریى ئاشکرا هەبووە لە شێوازى دەستگیرکردنەکە و وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەى ئەو پرۆسەیە کە رۆڵى هەبووە لە زیانگەیاندن بە نێوبانگى دەزگاکەمان و هەوڵ و دەستکەوتەکانى."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە