پەرلەمانی عێراق فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردن و هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی تاوتوێ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە وەرزی نوێی یاسادانان بەڕێوەدەچێت و نوێنەرانی کوردیش بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن. راپۆرتی لیژنەی یاسایی لەبارەی فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردن و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە بەرنامەی کاردان.
 
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمان کۆببێتەوە و بەشداریش لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەکەن.
 
بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمان لە شەش بڕگە پێکهاتووە، کە بریتین لە:
 
- راپۆرتی لیژنەی یاسایی لەبارەی فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
 
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 30ی ساڵی 2005
 
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان
 
- راپۆرت و گفتوگۆ ( خوێندنەوەی دووەم) بۆ پێشنیازە یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای داواکاری گشتی ژمارە 49ی ساڵی 2017
 
- راپۆرت و گفتوگۆ ( خوێندنەوەی دووەم) بۆ پێشنیازە یاسای هاوسەنگکردنی بڕوانامە و پلە زانستییەکان
 
- گفتوگۆی گشتی
 
پشووی پەرلەمانی عێراق ناوەڕاستی مانگی تەممووزی رابردوو دەستیپێکرد، لە کاتێکدا پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەند مانگێک بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کۆنەبووەوە.
 
لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، کە خولی چوارەمە، پەرلەمان 99 جار کۆبووەتەوە، لەو کۆبوونەوانە دەنگی لەسەر 38 یاسا داوە، هاوکات خوێندنەوەی یەکەمی بۆ 103 پرۆژەیاسا کردووە و خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ 58 پرۆژەیاسا کردووە.