مووچەی پەرلەمانتارانی عێراق کەمکرایەوە

05-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مووچەی مانگی تەممووزی پەرلەمانتارانی عێراق بە رێژەی 13٪ بۆ 42٪ کەمکرایەوە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پێشتر بڕیاری کەمکردنەوەی مووچەی پەرلەمانتاران درابوو، بەڵام جێبەجێ نەکرابوو."
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، مووچەی مانگی تەممووزی 2024ـی پەرلەمانتارانی عێراق بە بڕی جیاواز و بەپێی بڕوانامەکانیان کەمکراوەتەوە. کەمکردنەوەکەش لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات، تاوەکو سێ ملیۆن و 500 هەزار، ئەو پەرلەمانتارانەی بڕوانامەی نزمیان هەیە، زۆرترین مووچەیان لێ کەمکراوەتەوە.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو پەرلەمانتارانەی بڕوانامەی دیبلۆمیان هەیە 2 ملیۆن و 800 هەزار دینار تاوەکو 3 ملیۆن و 500 هەزار دیناریان لێ کەمکراوەتەوە، ئەوانەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە لە نێوان یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار بۆ 2 ملیۆن دیناریان لێ کەمکراوەتەوە، ئەوانەی ماستەریان هەیە لەنێوان یەک ملیۆن  100 هەزار بۆ ملیۆنێک و 200 هەزار دیناریان لێ کەمکراوەتەوە."
 
سەبارەت بە هۆکاری کەمکردنەوەی مووچەکان، چرۆ حەمەشەریف گوتی، بەدواداچوونیان بۆ هۆکارەکەی کردووە و دەرکەوتووە، لێبڕینەکە لە مووچە بەپێی بڕیاری 333ـی ساڵی 2015 کە گوایە عێراق لە شەڕی داعشدایە و پێویستی بە پارەیە: "بەڵام ئێستا خۆ شەڕیش نەماوە."
 
ئەو کەمکردنەوەی لە مووچەی مانگی تەممووزدا کراوە، یەکەم لێبڕینە لە دەستبەکاربوونی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم کە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 دەستبەکاربوون.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، مووچەی جێگیری پەرلەمانتاران پێش ئەم لێبڕینەی لە مانگی تەممووزدا کراوە، 8 ملیۆن و 200 هەزار بووە، بەڵام بە گوتەی ئەو، هەمووی مووچە نییە و روونیدەکاتەوە: "پێنج ملیۆنیان مووچەیە، 3 ملیۆن 200 هەزار دیناریان بۆ تکتی فڕۆکە و هاتووچۆ و نان خواردنە." گوتیشی: "پێچەوانەی خولەکانی پێشوو، پەرلەمانتاران لەم خولەی ئێستا نە ئۆتۆمبێل و نە بەخشینی بڕی 150 ملیۆن دینار و نە ئیمتیازاتی دیکەیان پێنادرێت، هەروەها نەسرییە و شتی دیکەش نەماون کە لە خولەکانی دیکەدا هەبوون."
 
بە پاساوی ئەوەی لە شەڕدایە، حکومەتی عێراق لەساڵی 2015 بڕیاری ژمارە 333ـی دەرکرد، کە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی مووچەی پلەباڵاکان، بەڵام محەممەد حەلبووسی، جێبەجێکردنی بڕیارەکەی راگرت، دواتر دادگەی فیدراڵی بڕیاری راگرتنەکەی بە نایاسایی دانا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.