یاسایەکى نوێ لە عێراق؛ بەڵگەنامە بۆ منداڵى لەبارچوو دەردەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق دەنگ بە پرۆژەیاسایەک دەدات کە تۆمارى لەدایکبووان و مردووان لە کاخەزییەوە دەکاتە ئەلیکترۆنى لە دەرەوە و ناوەوەى وڵات. هەر نەخۆشخانەیەکى ناحکومى رێکارى یاسایی بەڵگەنامەى مردن و ناشتنى جێبەجێ نەکات پنێج ملیۆن دینار سزا دەدرێت. هەروەها منداڵى لەبارچوو بەڵگەنامەى مردنى بۆ دروست دەکرێت.
پڕۆژەیاساکە بەناوى تۆمارى لەدایکبووان و مردووانە، لە خشتەى کۆبوونەوەى 6ى ئابى پەرلەماندا هاتووە کە دەنگى پێدەدرێت.
بەگوێرەى پڕۆژە یاساکە، وەزارەتى تەندروستى لە ماوەى 48 خولەکدا لە رێگەى ئەلیکترۆنییەوە زانیارى لە بارەى لەدایکبووان دەداتە فەرمانگەى بارى شارستانى، ئەگەر منداڵەکە لە دەرەوەى دامەزراوە فەرمییە تەندروستییەکان لە دایک ببێت، پێویستە لە 24 کاژێردا کۆپى بەڵگەنامەکانى بنێرێت بۆ لایەنە پەیوەندارەکان.
باوک و دایکى هەموو منداڵێک دەپشکنرێن بۆ راستاندنى بەڵگەنامەى لەدایکبوون و بە واژۆى خۆیانەوە.
ماجید شنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: یاساکە سیستمى تۆمارکردنى ناوى مردووان و لەدایکبووان رێکدەخاتەوە و لە کاخەزییەوە دەیکاتە ئەلیکترۆنى.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە زۆر کێشە لە رێگەى ئەو یاسایەوە چارەسەر دەبن، کە پەیوەندارن بە هەڵەى ناو و رەگەز لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا کە پێویستیان بە دادگە نابێت.
ئەو کەسانەى لە ناو دامەزراوە تەندروستییە فەرمییەکاندا دەمرن، دەبێت لە 24 کاژێردا لەلایەن پزیشکى سەرپەشتیارەوە پشکنین و توێکارى بۆ تەرمەکە بکرێت، لە ماوەى 7 رۆژدا دەدرێتە فەرمانگەى بارى شارستانى.
سەرۆکى لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى عێراق گوتی، "یاساکە کێشەى لەدایکبووان و مردووانى دەرەوەى عێراق چارەسەر دەکات و ماوەیەک بۆ دەرکردنى بەڵگەنامەى مردنى ئەو کەسانە دیاریدەکات".
لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە ئەو منداڵانەى لە دەرەوەى عێراق لەدایک دەبن، دەبێت لە ماوەى 60 رۆژدا کۆنسوڵخانەى عێراق لەو وڵاتە ئاگادار بکەنەوە، ئەگەر هاووڵاتییەکى عێراقیش لە دەرەوە بمرێت هەمان رێکار لە ماوەى 30 رۆژدا بگیرێتەبەر.
هەر دامەزراوەیەکى تەندروستى ناحکومى ئەو رێوێشنانەى لە یاساکەدا هاتووە بۆ لە دایکبوون جێبەجێنەکات بە 250 هەزار دینار سزا دەدرێت، ئەگەر ئەو دامەزراوانە تەرمێک بە پێچەوانەى رێکارە یاساییەکانى ئەو یاسایە بنێژن و بەڵگەنامەى مردنى بۆ ئامادە نەکەن بە پێنج ملیۆن دینار سزا دەدرێن.
ئەو منداڵانەى تەمەنیان لە 24 هەفتە بە سەرەوە بێت و لەباردەچن، پێویستە بەڵگەنامەى مردنیان بۆ دەربکرێت.